جەبار یاوەر: تورکیا دەیەوێت شەڕی پەکەکە بە هێزی پێشمەرگە بکات

لڤین:

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەکات کە تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدات و دەڵێت” دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزەراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە”.

فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدەن لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە موسڵ، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوکاریان بکەن و بەشدار بن لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن”.

جەبار یاوەر دەڵێت” هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئامانج لێی قەناعەت پێکردنیانە بۆ بەشداری شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە. ئەوان دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزەراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕووی ئاسمانی و زەمینی تا ئێستا نەیانتوانیوە گەریلا لە ناو ببەن”.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند” مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی جەنگی تورکیا لەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستانە، وە بۆردومانی سنوور و قوڵایی هەرێم دەکات، تەنانەت خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانی”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button