کڵێشەکانی ناهۆشیاریی

– زمان و کولتوری هەر میلەتێک، پڕە لە چەمک و پەند و کڵێشەی باو، کە ئەمانە عەقڵی کۆیی ئەو خەڵکە پێکئەهێنن.
ئەم کڵێشانە، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا وەکو حیکمەت و ئاوەکە دەرئەکەون، بەڵام لەڕاستییدا وانیەو ئەمانە بیرێکن، چەنێک سەتڵی پرسیارو بیرکردنەوە هەڵدەیتە ناوی، هەر ئەونە ئاوت ئەداتێ.
– یەعنی ئەگەرچی شتەکە پڕەو وەکو وەڵامێکی حازر دەرئەکەوێ، بەڵام لەڕاستییدا بۆشایی و کەرەستەی خاوی پرسیاری نوێیەو چەنێک خۆمان پڕیبکەینەوە، هەر ئەونە بۆمان ئەبێتە عەقڵ و مەعریفەت، نەک ئەوەی خۆی لەخۆیدا عەقڵ و زانین بێت.
– هۆشیاریی دەمیی، بەشێکی گەورەی مەعریفەی مرۆڤە، بەڵام ئەگەر نەگوازێتەوە بۆ نوسین، ئیتر جگە لە کۆمەڵێ کڵێشەی بەتاڵ، هیچی تری نامێنێتەوە.
“هۆشیاری نوسین” مەبەستم عەقڵێکی توێژەرو لێکۆڵەرە، کە چیتر ڕاستی و زانینی بۆ گرنگە نەک وروژاندن و هەژموون، کە ئیتر داهێنانیشی لێکەوێتەوە نەک خۆدووبارەکردنەوە!
– “عەقڵی ڕەخنەیی” بۆیە گرنگە، چونکە کڵێشە باوەکانی زمان، کە ئەبنە حیکمەت و عەقڵی کۆیی، لەهەمان کاتا ئەشبنە گەمژەیی و بێعەقڵیی کۆیی و بەخۆمان نەزانیوە!
ئیتر دەم کراوەتەوەو زمان ڕووی لە دەرەوەیە، تەنیا عەقڵی ڕەخنەیی ئەتوانێ ڕووی بکاتەوە خۆی. ئیتر زمان بەکاربەرەو خۆی داناهێنێ، تەنیا پرسیار ئەتوانێ بیباتەوە دۆخی خولقاندن و داهێنان.
– لەوێدا کە عەقڵی ڕەخنەیی غائیبە، ئیتر کڵێشەکان ئەوترێن و ئەوترێنەوە، بەبێ ئەوەی بیریان لێبکرێتەوە. حاڵی حازریش، زمانی ئێمە لەو دۆخەدایە. زمانی سیاسیمان، زمانی دینیمان، زمانی کۆمەڵایەتیمان، زمانی ڕاگەیاندنمان.. کۆمەڵێ کڵێشەی حازرو دووبارەیە، کە چوونەتە جێگای عەقڵ و بوونەتە “لەبری بیرکردنەوە”.
– لەکوێدا ژیان تاریک داهات، لەوێدا چرا زۆرە، بەڵام پرسیار لە خۆدی چراکان نەماوە. ئیتر هەنێکیان نەوتیشی تێدا نەماوەو ئێمە هەر لەوێوە سەیری دنیا ئەکەین! ئێ ئیتر واقع نابینین و ئەکەوینە ناو واقعی وەهمییەوە.
– واقع خۆی، نەگیراوەو هیچ لایتێک ناتوانێ تیشکت بۆ بخاتە سەر هەموو گۆشەیەکی، بەڵام پرسیاری یەکەم ئەبێ لەسەر خودی لایتەکەو چاوی خۆمانبێ، بۆئەوەی بەڕێژەییشبێ واقعبین بین، نەک بە ڕەهایی لێ ی دابڕێین و بکەوینە ناو وەهم.
– زمانی ئێمە لە کۆمەڵێ کڵێشەدا چەقی بەستووە کە بەردەوام دووبارەیان ئەکەینەوەو خۆمانی پێ بۆردومان ئەکەین. ڕێگای دەرچوونیش لەم چەقبەستنە، ئەوەیە کە زمان ڕووبکەینەوە خۆی و هەموو کڵێشە باوەکانی بخەینە ژێر پرسیارەوە.
یەعنی چیتر “قسە” ڕەخنەبێ لە خودی خۆی، تەنیا لەوێوە قسەی نوێ دروست ئەبێ!
– لۆزان یادی بۆچیە کە هەموو قسەکان، کۆمەڵێ کڵێشەو بەلاغەتی دووبارەن؟
(ئێمە خۆخۆرین، ئەوان غەدریان لێکردین، ئەبێ یەکڕیزبین) هەر ئەمەیەو بە شێوازی دروشم و دەربڕینی شیعری، ساڵانە دووبارە ئەبێتەوە.
لەڕاستییدا تاکە شتێک کە بۆ ئێمە گرنگ و نوێ بێت، ئەوەیە کە نەزیفی ئەو جۆرە زمانە بوەستێنرێ!
– نوسینی بزماری دنیای گۆڕی و حەزارەتی دروستکرد، بەڵام هێشتا هەر ئەفسانەو هۆشیاریی دەمی حاکمبوو.. چاپخانە هات، هۆشیاری نوسینی سەرپێخست و هەموو بەرهەمی حەزارەتی دەمیی خستە ژێر پرسیارەوەو حەزارەتی زانستی دروستبوو.
ئێستا خەڵکی بەرەو قۆناغی دوای ئەوەش ئەڕوا، ئێمە هێشتا لە سەقافەتی دەمییداین و سەقافەتی دەمییش لەباشترین حاڵدا، تاکو شیعرو وەعزو کڕوزانەوە ئەڕواو ناتوانێ بگاتە زانست و فیکر.
– خۆ شیعرییەت لە شوێنی خۆیدا فرە بەرزو باڵایەو شتانێک بە هونەر نەبێ، بە هیچ زمانێکی تر ناوترێن.. بەڵام لەویدا کە شیعر بچێتە جێگای ئارگۆمێنت و ڕەخنەو ئەکادیمیاو تیۆر.. ئیتر غەباوەتێکی مەعریفی، وەکو غەسالە ئەخولێتەوەو ئێمەش لەناویداین!
– ئێمە لەبری ئەوەی یەخەی لۆزان بگرین، ئەبێ یەخەی ئەو زمانە بگرین کە قسەی لەسەر لۆزان پێئەکەین. زمانێک کە هەر تا سنوری خۆبەتاڵکردنەوە ئەڕواو نەیتوانیوە بگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی زانین. مەسەلەن کاتێ تەجروبەی گۆڕان فەشەل ئەهێنێ، ئیشی ئێمە ئەوەنیە لەناو هەمان کڵێشە زمانییەکانی گۆڕانەوە، نەوەی نوێ بهێنینە دەرەوە.. کارە دروستەکە ئەوەیە، خودی ئەو زمانە تێپەڕێنین بۆ ئەوەی هۆشیارییەکی نوێ دروست ببێ.
– لە زمانی ئاسایی و پەندی پێشینانەوە پیای وەرە، تاکو زمانی سیاسی و دینی و تاکو هەر شتێ کە لەسەری ڕاهاتووین و بووە بە باوێکی بیرلێنەکراوەو بەڵگەنەویست.. هەموو ئەمانە ئەبێ بخرێنەوە ژێر پرسیار، بەمەش لەبری بەرهەمێک دوو بەرهەممان دەسئەکەوێ: هەم لەناو کڵێشە باوەکاندا، ئەشێ فەهم و مانای نوێ بدۆزینەوە. هەمیش دەرفەتێکە بۆئەوەی بچینە دەرەوەی کڵێشە باوەکان و زمان و هۆشیاری نوێ دروستببێ!
– تۆ لە زمانی دینیدا پێتئەوترێ ئیتاعەی خواو ڕەسول و وەلی ئەمر بکە.. ئێ باشە خوا چیەو ڕەسول چیەو ئەوەکەی تریان چیە؟ خوا قورعانبێ و رەسول حەدیسبێ، ئێ سێیەمیان هەر دەجالیکە کە ئەو دووانەی کردوە بە کورتان و داویەتی بەسەر پشتی تۆدا. بەڵام وای دانێ خوا ویژدانێکی زیندو و حەقیقەتی ناوەکییە، رەسول حەقیقەتی دەرەکییەو هەرچییەکە کە لە دەرەوەی تۆدا چاکە، سێیەمیشیان زانست و پسپوڕییە.. ئێ ئیتر خواو پێغەمبەرو وەلی ئەمر بەیەکسانی ئەکەونە ناو هەموومانەوە!
– ئیتر تاوێ حەق لەناو تۆدایەو حەلاجانە دەس ئەگری بە ویژدانی خۆتەوەو بە مردنیش بەری نادەی.. تاوێک حەق لای یەکێکی ترەو تۆ دانی پیائەنێیت و ئیگۆی خۆتی بۆ ئەکوژیت، وەکو ئەوەی مەولانا بۆ شەمس.. ئێ حەلاج و مەولاناش نەخۆشبن، هەردوکیان ئەچن بۆلای دوکتۆرو لەوێدا نە حەقی خوایی و ناوەکی بەکەڵکت یەت، نە حەقی دەرەکی و رەسولی، بەڵکو حەقی زانستی ئەخوات.
– سوقرات، کاتێ حەق لە دەرەوەی ئەودایە، کۆڵان بە کۆڵان و نەفەر بە نەفەری ئەسینا ئەگەڕێ بۆئەوەی بیدۆزێتەوە.. بەڵام کاتێ حەق لەناو خۆیدایە، ئیتر دائەنیشێ و دەرگای زیندانیشی بۆ بکەنەوە ڕاناکا، چونکە ئەوەی ئەو بەدوایدا ئەگەڕا، ئیتر لێرەیەو لای خۆیەتی!
– بۆچی “هیدایەت” بە دەست خوایەو بە دەست پێغەمبەر نیە؟ چونکە هیدایەت سەر بە ویژدان و مەعریفەی ناوەکییەو ئێ ئێمەش وتمان رەسول یەعنی مەعریفەی دەرەکی. ئێ دەرەکییەکە زەردەشتبێ و موحەمەدبێ و مارکسبێ و ئەنشتاین بێت.. دواجار لەبەردەم پارەیەکدا کە هی تۆ نیە، هەر ئەبێ ویژدان پێت بڵێ مەیدزە، خۆ جگە لەمە هیچ شتێکی تر فریات ناکەوێ!
– رەسول شەخس نیە، بەڵکو مەعریفەی دەرەکییەو یاسای وەرگرتنی مەعریفەی دەرەکییش ئەم ئایەتەیە (یستمعون القول فیتبعون احسنە) ئیتر تۆ ئیگۆ و دەمارگیرییت نیەو ڕاستی لە هەرکەسەوە دەرچێ، قبوڵتەو پشیلەیەکیش فێری شتێکت بکات، بۆ تۆ ئەبێتە رەسولی خوا. موحەمەدیش کاتێ کە پەسەندی ئەخلاقێکی جوانی قورەیشی کردوە، لەوێدا ئیتر ئەو رەسول نیە، بەڵکو عورفەکەی قورەیش بۆتە رەسولی حەق بۆ ئەو.
– حیکمەتی حەکیمێک، زمانی قۆناغێک ئەباتە بەرزترین ئاستی خۆی. یەعنی ئەو خوایەی کە موحەمەد لە عەقڵی جەمعی قۆناغی خۆیدا دروستی ئەکا، بۆ ئەوان بەرزترین تێگەیشتنە لە خودا، بەڵام بۆ قۆناغێکی تر، ئەم تێگەیشتنە بچوک ئەبێتەوەو ئەگەر ئەپدەیتی نەکەی، ئیتر وای لێدێ تۆ خۆت لە خواکە گەورەتیت و بەخۆت نەزانیوە!
– مەسەلەن تۆ مامۆستایت، تەلەبەکانت سونەو شیعەو مەسیحی و یەزیدی تێدایەو فەرقیان ناکەیت و هەمان زانست و پەروەردەو سۆز ئەدەی بە هەموویان.. کەچی هەر تۆ، پێتوایە خوا فەرقیان ئەکاو بەس تەلەبە موسوڵمانەکان ئەخاتە بەهەشت! دەی لێرەدا تۆ خۆت، لەو خوا مەزهەبییە گەورەتریت، بەڵام چونکە بیرت لێنەکردۆتەوە، ئیتر بێ ئاگای لەوەی کە مرۆڤەکەی ئیمڕۆ، خواکەی دوێنێ ی بەجێهێشتووە!
– “خوا” تێگەیشتنە. هەر تێگەیشتنێک لە خوا، خودایە تاکو تێگەیشتنێکی جوانتر دێت. بەمجۆرە خودا ئەبێتە ناکۆتا تێگەیشتن و ناکۆتا جوانی. بەڵام ئەگەر خودا دۆگمێک بێت، ئیتر خودا جوانییەکی دوێنێیە، کە ئەشێ بە پێوەری ئیمڕۆ زۆر ناشرین بێت!
– هۆشیاری موسوڵمان بەرزترە لە هۆشیاری ئیسلامیی، تۆ کاتی موسوڵمانێکی ئاسایی و کۆمەڵایەتییت، کەمتر جیاکاریت و لە ئینسانیەت و پێکەوەژیان نزیکتریت، بەڵام کاتێ ئەبیت بە ئیسلامەکەی ئیخوان و سەلەفی، ئیتر یەکدنیا جیکاری سونەو شیعەو سفورو حیجاب و ئیسلامی و علمانی و غەرب و شەرق و موسوڵمان و مەسیحی.. تۆخئەبێتەوە، کە پێشتر نەبوو، یان بە کاڵیی هەبوو.
– سەیرکە ئێستا کۆیلایەتی ڕاستەوخۆی ئینسان بۆ ئینسان لە جیهاندا نەماوە، یەعنی ئەخلاق گەشەی کردوەو بەمەش سەردەمی تۆ زۆر ئەخلاقییترە لە سەردەمی سەحابە، بەڵام چونکە ئەونە وتراوە سەردەمی ئەوان باشترینە، ئیتر سوعبەتە زمانییەکەت لێبووە بەڕاست!
یەعنی واقع خۆی، زۆر جیایە لە واقعە زمانییەکەی ناو عەقڵی جەمع. مێژووش زۆر جیایە، لەو زمانەی کە لە مێژوو بەجێماوەو بۆ شاردنەوەی بەجێمانەکەشی، خۆی هەڵواسیوە بە عەلاگەی میتافیزیکدا.
– فیساگۆرسییەکان تێکەڵەیەکی جوانی فەلسەفەو زانست و عیرفانیان کردوەو پێیانوایە خودا، وجودی بە ماتماتیک و ئەندازەو مۆسیقا خولقاندوە.. خۆ هەردوکی هەر یارییەکی زمانییە، بەڵام لەکوێ پێتوابێ خوا مایسترۆی بوونەو مۆسیقای خەلق ئەژەنێ، لەکوێش پێتوابێ خوا حاسیبەی ژماردنی تڕەو دانیشتووە بزانێ کێ دەسنوێژی شکاوە؟!
– خودا فیکرەیەکە، چەمكیكە، پرسیارێکە، بۆشاییەکە، کڵێشەیەکە.. جارێکی تر نەیهێنینەوە ناو بیرکردنەوە، بانگخواز سوارمان ئەبێ بە سیعری وڵاخ. سیاسەت لۆزان موعارەزە یەکڕیزی.. هەموو چەمک و کڵێشە باوەکان، ئەبێ لە دۆخە باوەکەی دەریکەین و بیانخەینە دۆخ و تێگەیشتنی نوێ. بۆ ئەوەش “بێدەنگبوون” خاڵی سەرەتایە، ئاخر سەیارەکە تا بڕوا دوورتر ئەکەوێتەوە، ئەبێ لە شوێنێکا بوەستین، دواتر پێچبکەینەوە بە لایەکی تردا.
– کاتێ موحەمەد کۆچئەکا بۆ مەدینەو حوسەین کۆچئەکا بۆ کەربەلا، ژیان چەقیبەستووەو ئەوان ئەبنە ڕێگایەکی دەرچوون. موحەمەد وتی حوسەین لەمنەو منیش لە حوسەینم. ئەگەر هەر بەشی یەکەمبووایە، ئەوە زمانی نزمی قەبەلی و پەیوەندی خوێنە، بەڵام بەشی دووەم تێکشکاندنی زمانی قەبەلییەو یەعنی من و ئەو لە حەقا یەکین و هەردوکمان لە ناحەقییدا کۆچئەکەین.
– بەڵام دواتر هەردوکیان بوونە کڵێشەیەکی زمانیی بۆ دوو مەکینەی گەورەی کەراندن. ئێستا موحەمەد هیچ نیە جگە لە بتێکی زمانیی بۆ دوکانی سونەگەرایی و کاری تۆش هەر ئەوەیە دەسڕێژی سەڵاواتی لێبکەیت. حوسەین هیچ نیە جگە لە بتێکی زمانیی بۆ دوکانی شیعەگەرایی و کاری تۆش هەر ئەوەیە بۆی بگریت.
– غەرب لە گوزارەی “خودا مرد”دا عیسایان کوشت و مەکینەی کەراندنی کاسۆلیک و پرۆتستانتیان وەستاند.. موسوڵمانیش جگە لە کوشتنی موحەمەدو حوسەین، هیچ ڕێگایەکی تری نیەو جگە لە وەستاندنی ئەو دوو مەکینەی کەراندنەش، هەرچیەکی تر بکات، کاتکوشتن و خۆکوشتن و ژیانکوشتنە.
– ئێمە ئەبێ ئەم دوو خودایە بکوژین بۆئەوەی موحەمەدی نوێ و حوسەینی نوێ و زمانی نوێ و مرۆڤی نوێ و ژیانی نوێ لەدایک ببێ. کاتێ لەولای دنیا، خواکەی مەزهەبگەرایی تۆپێنرا، ئیتر گەنوگووی هەزار ساڵیش لە شانی مەسیح تەکێنراو ئێستا کە ناوی مەسیح ببیستیت، جگە لە ئاشتی هیچی تر نایەتە خەیاڵت، کە ئەشگوترێ مەسیحیی جگە لە خەڵکێکی بێوەی هیچی تر نایەتە بەرچاوت. ئێمەش ئەبێ ئەم دوو خوای شەڕە بتۆپێنین، بۆئەوەی بگەین بە دۆخێک کە وترا موسوڵمان، ئیتر خەڵکێکی باش بێتە خەیاڵ و کە وترا موحەمەدو حوسەین، تەنیا جوانی بێتە بەرچاو.
– ڕێگای ڕزگاری لەناو خۆکوژی و خواکوژیدایەو هەرکەس ئەبێ پێ بنێ بەخۆیداو خوای خۆی بکوژێ. ڕێگای فەساد ئەوەیە کە هەرکەس پێ بنێ بەویترداو خوای ئەویتر بکوژێ. ئەوەی کە پێینا بە خۆیداو خوای خۆی کوشت، گەیشتە ڕۆشنگەری، ئەوەشی کە فووئەکاتە خۆی و خوای ئەوانیتر ئەکوژێ، گەیشتە تاریکی.
– مەزهەب یەعنی سنور، حوسەینی شیعە یەعنی سنوردارکردنی حوسەین. موحەمەدی سونە، یەعنی سنوردارکردنی موحەمەد. لەکاتێکا ئەکرێ موحەمەدو حوسەین، زۆر لەوە گەورەتربن. بتاندن و تەقدیس ئەگەرچی لە ڕووکەشدا گەورەکردنە، بەڵام لەناوەڕۆکدا سنوردارکردن و بچوککردنەوەیە. ئەو مەساحەیەی لە ڕەخنەو خوێندنەوەی مێژووییدا، مرۆڤە گەورەکان ئەیگەنێ، زۆر زیاترە لەو مەساحەیەی کە لە تەقدیس و خوێندنەوەی میتافیزیکدا ئەیگەنێ!
– مەسەلەن غاندی موقەدەس نیەو ئەکرێ ڕەخنەی لێبگریت، بەوەش ئیتر ئەو لە هندستان و هیندۆس گەورەترەو ئینسانی و جیهانییە. بەڵام حوسەین و موحەمەد هێشتا لەناو سنوری سونەو شیعەدان و ناتوانن لەوە گەورەتربن. نە سەڵاواتیش لەو بچوکیە دەریان ئەکات نە گریان، تەنیا خوێندوەیەکی تری جیا لە خوێندنەوەکەی سونە شیعە، ئەتوانێ مەساحەی تریان بداتێ!
– عەدالەت نەمرە، بەرەنگاری ستەم و قوربانیدانیش بۆ عەدالەت و ئازادی، ڕێگای نەمرییە. ئا لێرەدا جوانییەک لە حوسەیندا هەیە، کە سوننە تا ڕادەی بێئەخلاقی خۆی لێ کوێر کرد، شیعەش بینایەکی فرە ناشرین و مردوی لەسەر نەمرییەکە دروست کرد. ئیشی ئێمەش هەر ئەوەیە کە، بە چاوە سیاسییە کوێرەکەی سونەو بە بینا سیاسییە ناشرینەکەی شیعە، نەڵێین ئامین.
– هیچ یەکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەبێ ئەفسانە دروستنابێ. کۆمەڵە کۆنەکان، ئەفسانەی خۆیان بە حیکایەتی خواو کوڕی خواو پێغەمبەرو خزمی پێغەمبەر.. دروستئەکەن و شتەکە لە فەلەکی میتافیزیک و موقەدەسدا ئەخولێتەوە.. کۆمەڵگای نوێ، لە ئەفسانەی خواوە ئەگوازێتەوە بۆ ئەفسانەی مرۆڤ. ئیتر دەستور، پەیمانی کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، عەدالەت و ئازادی و یەکسانی و ماف و ژینگە.. ئەبێتە چەقی زمان.
– سونەو شیعە لە مێژوودا هەرچییەکبوون، کوڕی سەردەمی خۆیانن و ئەمە کێشەیەک نیە.. لە فۆڕمە کۆمەڵایەتییەکەشیدا کێشە نیەو ئاین پێویستی کۆمەڵگاو دەروونی تاکە.. بەڵام سونەو شیعە لە ئیسلامیزمە مۆدێرنەکەیداو لە فۆڕمی ئیخوان و وەهابی و خومەینیزمدا، ئیتر کێشەیەکی فرە گەورەیە، چونکە لەوێدا کە ئیتر مرۆڤ خۆی حیکایەتەکەیە، تۆ هێشتا بیر لەوە ئەکەیتەوە دەوڵەت بۆ خوا دروست بکەیت!
– چەنێک بگوترێ ژن و پیاو فەرقی نیە، ئەمە باشە، بەڵام هێشتا حەڵقەیەکی یەکسانی ونەو ئەگەر شتەکە نەبێتە “ژیان” ئەبێتە کڵێشەیەکی مردو. کاتێ گۆرانیبیژێک گۆرانی بۆ شایی کچەکەی ئەڵێ، ئەوە ڕزگارکردنی زمانە لە پووچێتی و گەیاندنی قسەیە بە کردارو گەیاندنی فیکرو تیۆرە بە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی، کە ژیانە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button