وەزیری ئەوقاف: رێوشوێن دژی ئەو کەسە دەگیرنەبەر قسەی بە پاپا وتووە

لڤین: سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، لەبەرامبەر ئەو قسانەی مامۆستایەکی ئاینی دژ بە سەردانەکەی پاپا کردوویەتی، وەزیری ئەوقافو كاروباری ئاینی هەرێم پەیوەندی پێوەکردوە و وتوویەتی رێوشوێن دژی ئەو کەسە دەگیرنەبەر قسەی بە پاپای ڤاتیکان وتووە.
مامۆستایەكی ئاینی کە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لەبارەی سەردانی پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان قسە لەدژی سەردانەکە و دژی مەسیحیەکان دەکات، کاردانەوە و نیگەرانی مەسیحییەكانی لێکەوتەوە.
لەو چوار چێوەیەشدا زیا پتروس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ كە سەربە پێكهاتەی مەسیحییە، داوای لە لایەنە بەرپرسەكان كرد بەپێی یاسای پاراستنی مافی كەمینەكان لێپێچینەوە لەو كەسە بكەن.
ئەمڕۆ زیا پتروس لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند کە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافو كاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، تەلەفۆنی بۆ كردووە و وتویەتی: “رێوشوێن دژی ئەو کەسە دەگیرنەبەر قسەی بە پاپا وتووە” هەروەها وتویەتی: ئەو مەلایە قسەكانی تەنیا گوزارشت لەخۆی دەكاتو (6 هەزار) پێشنوێژو وتارخوێن، پێشوازی لەم سەردانە پیرۆزەی پاپای ڤاتیكان دەكەن.
دەقی روونكردنەوەکەی زیا بتروس:
دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی یەكێك لە پیاوانی ئاینی ئیسلامی هەرێمی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە تێیدا سوكایەتی بە ئاینی مەسیحیو كەسایەتی پاپای ڤاتیكان دەكات، كاردانەوەی زۆری لەلایەن مەسیحییەكانەوە لێكەوتەوەو ئیدانەی ئەو قسانە دەكەن كە لە ڤیدیۆكەدا هاتووەو نیگەرانی خۆیان نیشان دەدەن لەبارەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەناوچەكە، بۆیە زیا بوتروس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤەوە داوای لە لایەنە بەرپرسەكان كرد بەپێی یاسای پاراستنی مافی كەمینەكان لێپێچینەوە لەو كەسە بكەن.
لە پەیوەندییەكانی تەلەفۆنیی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقافو كاروباری ئاینیی لەگەڵ زیا پتروس، ئاگاداری كرد لەوەی كە لایەنە بەرپرسەكان لەچوارچێوەی یاسادا رێوشوێن لەدژی ئەو كەسە دەگرنەبەر، جەختی كرد كە بەرپرسان لە حكومەت بەڕووی هەموو ئەو كەسانەدا رادەوەستن كە تۆوی ناكۆكیو رق لەنێوان گەلانی هەرێمی كوردستاندا دەچێننو باسی لەوەكرد، زۆربەی مامۆستایانی ئاینیی لە هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان (6 هەزار) پێشنوێژو وتارخوێنە، پێشوازی لەم سەردانە پیرۆزەی پاپای ڤاتیكان دەكەن بۆ عێراقو هەرێمی كوردستانو بەردەوام لە وتارەكانیاندا بانگەواز بۆ فەراهەمكردنی بنەكامانی پێكەوەژیانو یەكترقبوڵكردن دەكەن، ئەوەی لەو ڤیدیۆیەدا هاتووە تەنیا گوزارشت لەو كەسە دەكات كە قسە دەكات كە لە رەوتی كاری خۆی دەرچووە و ئەو وتارەی كاریگەری لەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتیو ئاینییەكانی نێوان ئاینەكان ناكات بەتایبەتی مەسیحییەكانیو موسوڵمانان.
لەلایەن خۆمانەوە سوپاسو پێزانینمان هەیە بۆ وەزیری ئەوقاف بۆ چاودێركیردنو بایەخدانی بەم بابەتە، سوپاس بۆ زانایانو پیاوانی ئاینی ئیسلام كە بەردەوام بانگەواز بۆ پێكەوەژیان دەكەن بەپێی بنەماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام.