نێچیرڤان پێشوازی نەكردن

– هاتنی نەسر حەریری بۆ تێكدانی هەوڵی نێچیرڤانی بارزانی بوو

– توركیا لەڕێی ناردنی وەفدێك بۆ هەولێر، پەیامێكی بۆ ئەمریكا نارد

– میدیای یەكێتیی و ئەوانی دیكە، لەهاتنی نەسر حەریری نەگەیشتن

– حەریری لەناو پەرلەمانی كوردستان، كوردی بەتیرۆرست ناوبرد

هاتنی نەسر حەریری بۆ هەولێر، جگە لەعەیبەیەكی زۆر گەورە بۆ هەرێمی كوردستان، هاوكات لەچوارچێوەی ئەجێنداو پلانێكی دیاریكراوی توركیا بەهاوبەشی بەشێك لەكاربەدەستانی هەرێم هاتبووە هەولێر.

بەپێی لێكدانەوە، هاتنی وەفدی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ چەند ئامانجێك دەگەڕێتەوە:

یەكەم؛ تێكدانی هەوڵی رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد كە بەدەستپێشخەریی مەزلوم كۆبانی، ماوەى زیاتر لە ساڵێكە بەردەوامەو هەر یەكە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و پشتیوانیان لەو هەوڵانە كرد. بۆ ئەم مەبەستە مەزڵوم سەردانی سلێمانی و هەولێری كرد.

هاتنی نەسر حەریری بۆ تێكدانی ئەو هەوڵە بوو كە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم مەبەستی بوو ناوی بخرێتەسەر وەك دەستكەوتی سیاسی لەماوەی سەرۆكایەتیەكەی تۆماربكرێت، بەڵام پێدەچێت لەلایەن گروپی بەرامبەر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی شكستپێهێنانی بدرێت، بۆیە دەبینین نەسر حەریری و وەفدەكەی سەردانی سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان كرد، بەڵام نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لێنەكرد! ئەمەش مانای ئەوەیە كە نێچیرڤانی دژی ئەو سەردانەی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو.

ئەو گروپەی بەناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانیی دەكرێن، ئەو گروپەن كە كەواسوری بەرلەشكری سوپای تورك بوون لەداگیركردنی عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی، سەدان هەزار كوردیان لەناوچەكانیان ئاوارەو سەرگەردان كردو هەزاران هاوڵاتی كوردیان شەهید كرد! لەوە خراپتر، شوێنەوارە مێژوییەكانی كوردیان لەوناوچانە وێرانكرد. ئێستا لەو ناوچانە لەژێر ئاڵای توركیاو گروپە ئیسلامییە تیرۆرستەكان بەردەوامن لەجینۆسایدكردنی نەتەوەی كورد لەو ناوچانە.

نەسر حەریری كە ئێستا سەرۆكی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی توركیایەو هاتە هەولێر، بەرپرسێكی كۆنی بەعسەو یەكێكە لەو شۆڤینیانەی زۆر دژی گەلی كوردستانە، هەروەك لەناو باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان گەلی كورد یان گەورەترین حزبی كوردی لەرۆژئاوای كوردستان (پەیەدە)ی بەتیرۆرست و شەرخواز ناوبرد. جێگری ئەو ئیئتیلافە كوردەو سەرۆكی گروپی (ئەنەكەسە)یە كە لەلایەن توركیاو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پشتیوانیی دەكرێن.

هۆكاری دووەمی هاتنی نەسر حەریری بۆ هەرێمی كوردستان، پەیامی توركیا بوو بۆ هەوڵی ئەمریكا بۆ دروستكردنی زەمینەی سەقامگیریی و هێوربونەوەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان. توركیا بەناردنی نەسر حەریری و گروپێكی كورد (ئەنەكەسە) بۆ هەولێر، ویستی بڵێت دەتوانین هەوڵەكانتان لەبار ببەین ئەگەر فشار نەخەنە سەر پەیەدە بۆ زیاتر سازشكردن بۆ توركیا لەبارەی گەڕانەوەی گروپی ئەنەكەسە بۆ رۆژئاوای كوردستان! چونكە لەدوای هاتنی جۆ بایدن و ئیدارەی نوێ‌، لێپرسراوانی ئەمریكا بە پەیەدەیان راگەیاندبوو كە “مەرج نییە سازش لەسەر هەموو شتێك بۆ توركیا بكەن”.

بەكورتی هاتنی حەریری جگە لەهەڵگرتنی ئەجێندای توركیا، هاوكات ناڕەزاییەكی زۆر توندی لەشەقامی رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر هەرێمی كوردستان دروستكرد. ئەو پرسیارەیان دەكرد كە چۆن دەكرێت داگیركەرو بكوژانی كورد بێنە باشوری هەرێم و ئەو پێشوازییە گەرمەیان لێبكرێت.

ئەوەی جێی سەرنج و گلەییان بوو، كە میدیای پارتی بەشێوەیەكی گشتیی گرنگیان بەهاتنی ئەو وەفدەی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا-دا، بەڵام میدیای بەرامبەر بەتایبەت یەكێتیی نیشتیمانیی و حزبەكانی دیكە، نەك دژ نەبوون بەڵكو هیچ گرنگیان بەو هاتنە نەداو لەگرنگی ئەو روداوە نەگەیشتن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button