لە هەولێر ژمارەیەک چەکدار هەوڵی “کوشتن”ی سەرۆک عەشیرەتی غەوارە دەدەن

لڤین: لە هەولێر ژمارەیەک چەکداری دەمامکدار هەوڵی “کوشتن”ی سەرۆک عەشیرەتی غەوارە دەدەن و بۆ ماوەیەک ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان چەکدارەکان و پاسەوانەکاندا دروست بووە.
لە بارەی ڕووداوەکەوە شاهۆ شێخ خالید (شاهۆی خالید خولەسور)، سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە، کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتییە لە سلێمانی بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە، درەنگانێکی شەوی رابردوو “پێنج چەکداری دەمامکدار چوونەتە سەر باخەکەم لە هەولێر و تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردووە و بۆ ماوەی چەند خولەکێک تەقە لەنێوان هەردوولادا روویداوە، بەڵام دواتر چەکدارەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.”
سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە وتوشیەتی ئامانجی تەقەکردنەکە “کوشتنی من” بووە و لەو بارەیەوە وتویەتی دوێنێ لە سلێمانییەوە چوەتە هەولێر “12 پاسەوانم لەگەڵ بووە، 10 لە پاسەوانەکانم بۆ پشوودان چوونەتە باخەکەم کە لە سنووری مەلا ئۆمەرە ڕێگەی نێوان هەولێر – پیرمام و منیش لای خزمێکم بووم لەنێو هەولێر، بەڵام دیارە ئەو چەکدارانە وایان زانیوە من لە باخەکەمم و بۆیە چوون تەقەیان ئاراستەی باخەکەم و پاسەوانەکانم کردووە”.
سەبارەت زیانەکان شاهۆ وتویەتی: “هیچ یەکێک لە پاسەوانەکانم بریندار نەبوون و چەکدارەکانیش پێموانییە کەسیان برینداربووبێت، بەڵام ئەوان ئامانجیان من بووە و ویستوویانە من بکوژن”.
سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە وتوشیەتی “کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و ناشزانم ئەوانە کێبوون تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردووە، سکاڵای یاساییشم لای ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان تۆمارکردووە.”