ماستەرکارد بتکۆیین وەلادەنێت… “بەشێک نیە لە تۆڕەکەمان”

لڤین: ماستەرکارد، بازاڕەکانی دراوی دیجیتاڵی هەژاند، کاتێک بەرپرسێکی باڵای ڕایگەیاند، کە لە پلانیاندایە ڕێگەبدەن بە دراوە دیجیتاڵییەکان بچنە ناو سیستمی پارەدانەوە، بەڵام بیتکۆین بەشێک نابێت لەم سیستمە.
ئان کارینز، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ماستەرکارد، لە کۆنفرانسی Future of money دا ڕایگەیاند “بیتکۆیین بە هیچ شێوەیەک لە پلانەکانیاندا نیە”.
ئان کارینز، ئاماژەی بەوەشدا کە “دراوی بیتکۆین ناتوانرێت وەک دراوی پارەدان هەژماربکرێت “، لە درێژەشدا کارینز بیتکۆیینی بەمشێوەیە وەسفکرد “بیتکۆین پارەیەکی زۆر گۆڕاوە و کاتێکی زۆری دەوێت بۆ تەواوکردنی”.
وتیشی: “کاتێک بتەوێت کوپێک قاوە بخۆیتەوە و بە بیتکۆین پارە بدەیت ئەوا نازانیت نرخی قاوەکە چەند دەبێت تا کاتی پارەدان، ڕەنگە ١٠ خولەک بخایەنێت تا بە تەواوی پارەکە بدەیت”.
هەروەها ئەو بەرپرسەی ماستەرکارد وتی: “باشترە بیتکۆین بە سەرمایەیەک حساب بکرێت وەک ئاڵتون نەک دراوی پارەدان “، لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاشکرایکرد کە “ماستەرکارد دەیەوێت دراوە جێگیرەکان بهێنێتە ناو سیستمەکەیەوە، و لە پلانەکانیدا لەگەڵ بانکە مەرکەزیەکاندا کاردەکات لەسەر دراوی دیجیتاڵی”.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی دەڵێت: “بانکی ناوەندی کاردەکات لەسەر دراوی دیجیتاڵی بەڵام جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم کارە پێویست بە پەلەکردن ناکات “.