چاوەڕێی ئەنجامین!

ئەوەی بەرامبەر بە دکتۆر غالب کراوە تا ئەو کاتەی پێچەوانەکەی دەسەلمێنرێ، هەوڵێکی تیرۆریستیە بۆ کوشتنی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە رابردودا لە رێگەی قسەو کارەکانیەوە زیانی بە بەرژەوەندی ناشەرعی کۆمەڵێک هێزی سیاسی و گروپی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت گەیاندووە.
ئەم کەیسە وەک چۆن کەیسی مرۆڤێک نیە بە تەنها، کەیسێکیش نیە بۆ بە کارتکرن و ململانێی حیزبی و دەسەڵات.
بەڵکو کەیسی تیرۆرو تۆقاندنە، کەیسی هەڕەشەی تەسفیەی گیانی ئازادیخوازانە، کەیسی ئەمن و ئاسایشی میللەتێکە، کەیسی دادپەروەریە، کەیسی روبەروبونەوەی گەندەڵی و سەروەری یاساییە، کەیسی گێڕانەوەی متمانەیە بۆ دەزگا ئەمنیەکان و رێچکەی لێکۆڵینەوە.
گەیشتن بە ئەنجام لەم کەیسەدا دواخستن و کەمتەرخەمی هەڵناگرێ.
پێویستە دەزگا ئەمنیەکان لە سەر کەیسەکە، بە رەسمی هەنگاو بە هەنگاو بەرچاوڕونی و دڵنیایی بە خەڵک بدەن، مادام قسە لە سەر ئەوەیە زانیاری پێویستیان لە بەردەستە.
ناکرێ هەندێک ماڵپەڕو پەیج کە ئەشێ ئەجێندای حیزب یان گروپی تایبەتی لە پشتەوەیە، یاری بە زانیاریەوە بکەن.
یاریکردن بە زانیاری لە دڵسۆزیەوە نابێت، بەڵکو ئەشێ بۆ ئەجێندای حیزبی و سیاسی تایبەت بێت!
سەرچاوەی ئەو زانیاری و وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە وا دیارە دەزگا ئەمنیەکانن، چونکە ڤیدیۆو وێنەو زانیاریەکان تەنها لای ئەوان هەن.
کەواتە ئەگەر زانیاریەکان راستن و بڵاوکردنەوەیان زیانی بۆ رێچکەی لێکۆڵینەوە نیە، ئەوا رێگای ئسوڵی ئەوەیە بە رەسمی و لەکۆنگرەی رۆژنامەنوسیدا بڵاو بکەرێنەوەو پیشانی خەڵک بدرێن.
گەر تەواویش نین بە چ مەبەستێک بڵاو ئەکرێنەوە؟!
وەک چۆن شاردنەوەی راستیەکان، دروستکردنی دۆسیەی ناڕاست بە لاڕێدا بردنە، بە هەمان شێوە تێکەڵکردنی کەیسە تاوانکاریەکان بە ململانێی نێوان حیزب و گروپەکان، بڵاوکردنەوەی هەواڵی مەبەستدار بە قازانجی گروپێک و دژ بە گروپێکی تر ، حیزبێک دژ بە حیزبێکی تر دیسان بە لاریدا بردنە.
ئێمە ناڵێین کەیسەکە هەڵپڕوزێنن، بەڵام ئەوەش جێی گومانە لە لایەکەوە موماتەڵە هەبێ لە لایەکی تریشیەوە فەوزای زانیاری بڵاوکردنەوە هەبێ!
بڵاوکردنەوەی وێنەو زانیاری دەبێ بە رەسمی بێت، لە لایەن جیهەتی رەسمیەوە بە ئامانجی زوگەیشت بێت بە ئەنجام، نەک بە دزەپێکردن.
هەموان بە وردی چاودێری کەیسەکە ئەکەین، هیوادارین دەزگا ئەمنیەکانی سنوری سلێمانی بە کارامەیی و پێشەییبون، دڵنیایی بۆ هەمومان بگەڕێننەوە.
چاوەڕێین.
هاوڵاتیانی ئازیز تکایە کەیسی گیراوانی بادینانیش لە بیر مەکەن.


عەبدوڵا مەلا نوری

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button