داوادەکات ڕێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر
ڕێکخراوی قوتابیان: بڵاوکردنەوەی بابەتی قۆپیەکە تاوانێکی ئاشکرایە

لڤین: ڕێکخراوێکی خوێندکاریی داوادەکات ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسەی باسی لە قۆپیکردنی خۆی کرد و ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەش کە قسەکانی ئەو کەسەی بڵاو کردەوە بگرێتەبەر، ڕێکخراوەکە دەشڵێت: بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بابەتانە و ڕەواجپێدانی، تاوانێکی ئاشکرایە.
رێكخراوی قوتابیانی كوردستان، لهبارهی ئەو بەڕێوەبەرەی به شانازییهوه باسی لەوەدەکرد کە له پۆلی دووی ناوهندییهوه به قۆپی و گزی كردن دهرچووه، بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه.
لەبەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: “لە چەقی قەیرانە پەروەردەییەکاندا و لەم دۆخە ناهەموارەی کەرتی پەروەردە و خوێندندا، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بابەتانە و ڕەواجپێدانی، تاوانێکی ئاشکرایە و کاریگەریی خراپ لەسەر بیر و بۆچوون و دەروونی قوتابیان و خوێندکاران جێدەهێڵێت”.
رێكخراوی قوتابیانی كوردستان، هەر لە بەیاننامەکەدا داوا لە داواکاری گشتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم دهكات، “ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر کەسەکە و ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەش بگرنەبەر”.
دهقی بەیاننامەکە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بۆ بەڕێزان: داواکاری گشتی هەرێم – وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم
لەم ڕۆژانەدا و لەکەناڵێکی ڕێگەپێدراوی تەلەفزیۆنییەوە، لەبەرنامەیەکی تەرفیهی و کات بەسەر بردندا، کەسێک کەخۆی وەک مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری پەیمانگایەکی ئەهلی دەناسێنێت، بەشێوەیەکی ڕوون و بەشانازییەوە باس لەوە دەکات کە لەپۆلی دووی ناوەندییەوە بە قۆپی و گزیکردن دەرچووە، هاوکات وردەکاری و شێوازەکانی قۆپیکردنیشی دەخاتەڕوو.
لە چەقی قەیرانە پەروەردەییەکاندا و لەم دۆخە ناهەموارەی کەرتی پەروەردە و خوێندندا، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بابەتانە و ڕەواجپێدانی، تاوانێکی ئاشکرایە و کاریگەریی خراپ لەسەر بیر و بۆچوون و دەروونی قوتابیان و خوێندکاران جێدەهێڵێت، هەروەها حەزی زانست و، ویستی هەوڵ و کۆششکردن بۆ فێربوون بەلاڕێدا دەبات، ئەمە بەدەر لەوەی بە ئاشکرا قوتابیان بۆ پەنا بردنە بەر ڕێگای هەڵە و گزیکردن هان دەدات.
ئێمە لە ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان بەپێویستی دەزانین، لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵە زەقانەدا داواکاری گشتی لەهەرێم بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، هاوکات داواکارین لە هەرکام لەوەزارەتەکانی (پەروەردە و خوێندنی باڵا و وەزارەتی ڕۆشنبیری) بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر کەسەکە و ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەش بگرنەبەر.
ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت٢٧ شوباتی ٢٠٢١