لە رووداوێكی هاتووچۆدا دوو منداڵ و 5 کەسی خێزانێک بوونە قوربانی

لڤین:
لە رووداوێكی هاتووچۆدا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و پێنج كەسی دیكەش کە سەرجەمیان ئەندامی خێزانێکن برینداربوون.
ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو لە شاری هەولێر ڕوویداوە، لەو بارەیەوە فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، رایگەیاند، كاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێكی جۆری شۆفرلێت – تایبەت لەشەقامی هەولێر – خەبات، لەپشت شەقامی 120 مەتری بەهۆی خێرایی زۆرەوە كۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە دوو ستونی كارەبای ناوەڕاستی شەقامەکە.
وتیشی: لەئەنجامی ڕوداوەكە دوو منداڵ كە سەرنشین بوون گیانیان لەدەستداوە و 5 كەسی دیکەش كە دایك و باوك و خوشك و برای یەكتر بوون برینداربوون.
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە جگە لە زیانە گیانییەکان ڕووداوەکە زیانی ماددی زۆری لێکەوتوەتەوە.