روونکردنەوەیەک و ھۆشدارییەک لە وەزارەتی کارەباوە بۆ سەرجەم ھاوڵاتیان

لڤین:

وەزارەتی کارەبا، پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، نارازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد.

لە ڕونکردنەوەیەکدا کە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ( شەممە، ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ) بڵاویکردوەتەوە تێیدا

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە

پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێ لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە.

تا ئێستا لە79% ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بێنێت.

پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، نارازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد.

کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە.

بەلارێدا بردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە.

پێوەری زیرەک لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا نیوەی خواست لەسەر کارەبا پڕ دەکاتەوە، رۆڵێکی گرنگی لە نەهێشتنی بە فیڕۆدانی کارەبا و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە تێکچوون و سوتان و سەرپیچی گێڕاوە.

تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2018 زیاتر لە 50 فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە، 100 سەرەمحاویلە لەسەر بووە. لەساڵی 2021 بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ 10 سەرەمحاویلە و 10 فیدەری ئۆڤەرلۆد و سوتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە.

پێوەری زیرەک ئاستی بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی کە هەر هاوبەشێکی کارەبا بە پێی مافی خۆی کارەبا وەربگرێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر، مافی گشتی و دراوسێکانی پێشێل نەکات. بە نەبوونی پێوەری زیرەک، دۆخی کارەبا بەهۆی لە ئاستی پێویستدا نەبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و زۆربوونی سەرپێچی، زۆر خراپ دەبوو.

تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێوەری زیرەک بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبا، ئەو کاتە سوودەکانی بەدەر دەکەوێت کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاستی پێویستدا بێت.

وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان دایە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەکانی کارەبا و ئەرکەکانی هەر یەک لەم بەشانە. لە ئەگەری هەر جۆرە زیان گەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا، سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button