بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەژێر هەر ناوێکدا بێت پێویستە پارە بدرێت بە خوێندکاران

لڤین:
بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەيمانگەکانی سنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، كەركوك، خانەقین، كۆیە، هەڵەبجەی تازە، پێنجوێن، كەلار، ڕانیە، تەقتەق، قەڵادزێ، دوكان، چوارتا، دەربەندیخان، كفری، چەمچەماڵ و سەیدسادق) بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ لیژنەکانی مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی یەکێتی کۆبووەوە، بەمەبەستی بەدواداچوون و تاوتوێکردنی ھەنگاوەکانی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندکاران.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئەوەی لەنزیکەوە گوێبیستی سەرجەم لیژنەکان بوو لەبارەی چۆنێتی کارکردنیان و دابینکردنی پێداویستییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، ھانیدان لیژنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کارەکان تەواو بکەن و تەواوی کەموکوڕييەکانی زانکۆ و پەيمانگەکان پڕبکەنەوە.
لای خۆيانەوە لیژنەکان دڵنیایياندا لە جێبەجێکردنی پێداویستییەکان و پڕکردنەوەی ئەو کەموکوڕييانەی لە زانکۆ و پەيمانگەکاندا هەبووە، جەختيشيانکردەوە جگە لە پێداویستی و داواکردنی خوێندکاران، بەشێکی کارەکانی لیژنەکان داوای خوێندکاران نەبووە و ئەو کەموکوورتییانە بووە کە لیژنەکانی مەکتەبی ئیداری و دارایی هەستی پێکردووە و جێبەجێی کردوون.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردەوە، دابینکردنی پێداویستی و نۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆییەکان و جێبەجێکردنی داواکانی خوێندکاران لەلایەن یەکێتییەوە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە بووە، تا ئەو بودجە و بڕە پارەیەی دیاریکراوە وەک پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چارەسەری گرفتی بەشە ناوخۆییەکان لەم سنوورانە بە تەنها تەرخانبکرێت بۆ بڕینەوەی دەرماڵەی خوێندکاران، لەژێر هەر ناوێکدا بێت پێویستە بدرێت بە خوێندکاران بەبێ جیاوازی کە مافێکی رەوای ئەوانە.