گۆڕان: ئەم واقعە تاڵە شایەنی نکۆڵیکردن نییە

لڤین:

بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی ساڵی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا باسی دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، ئەم واقعە تاڵە شایەنی نکۆڵیکردن نییە“.

 

لە دوایین رۆژی ساڵی 2021 بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە کریستیانەکان، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییانی عێراق و مرۆڤایەتی دەکەن. هەروەها هیوا دەخوازن، “ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی بێت بۆ ھەمووان، ساڵی بەدەستهێنانەوەی متمانەی سیاسی بێت لە رێی پەیڕەوکردنی شێوازێکی حکومڕانیی دروست کە سەرچاوەی رەوایەتی لە خەڵکەوە وەرگرتبێت”.

 

لە پەیامەکەدا لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوریی هەرێمی کوردستان هاتووە، “لەکاتێکدا پێدەنێینە ساڵی نوێوە، ھەرێمی کوردستان دەرگیری کۆمەڵێک کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە و شێوازی حوکمڕانیکردنیش لەبەردەم چەندین قەیران و ئاڵنگاریدایە؛ کە دەرھاویشتەی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک و کەمبوونەوەی ئاستەکانی بەشداریی سیاسی و نەمانی متمانە بە دامەزراوەکانی حوکمڕانی دروست کردووە”.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، “‎ئەم واقعە تاڵە شایەنی نکۆڵیکردن نییە، بۆیە لەم بۆنەیەدا بزووتنەوەی گۆڕان ھۆشیاری دەدات لە ئەگەری بەردەوامیدان بەم شێوازی حوکمڕانییە کە رەزامەندیی خەڵکی لەسەر نییە؛ مەترسییەکی رژد رووبەڕووی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ئایندەی هاووڵاتییانی کوردستان دەبێتەوە”.

 

لەبارەی شێوازی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەکان، بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەدات، “ھەربۆیە چاکسازییەکی گشتگیر، بە دامەزراوەییکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان، رێزگرتن لە ئازادییەکان و بیروڕای جیاواز، شەفافیەتی خەرج و سەرچاوەکانی داھات، دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکان، رێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردی لەسەر بنەمای پرۆسەیەکی نیشتمانسازیی دروست و ھاوبەشی سیاسیی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا؛ زامنی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قەیران ئامێزەیە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button