مەسرور بارزانی:جگە لەوەی ئینسان شوكرانەی خوا بكات هیچی تری پێ‌ ناكرێت

لڤین:

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و لافاوەکەی ئەمڕۆی هەولێر، 11 کەس گیانیان لەدەست داوە و دەڵێت، “ئەمە کارەساتێکی سروشتییە و مرۆڤ جگە لە شوکرانەی خوا ھیچی پێناکرێت.

جێگەی ئاماژە پێدانە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ( ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ) بەهۆی بارینی بارانێکی زۆرەوە لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر لافاو دروست بوو بوە هۆی گیان لەدەستدای ١٢ هاوڵاتی و زەرەر و زیانێکی زۆری گەیاند بە هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکانە، پاش ئەو ڕوداوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕوداوەکە لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوویەوە و پاشان سەردانی بەشێک لە هاوڵاتیانی ناوچە زیانلێکەوتوەکانی کرد.

لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، مەسرور بارزانی لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند، “دەستخۆشی لە وەزیرەکان و پارێزگار و بەڕێوبەرەکان دەکەم کە لە بەرەبەیانەوە بەدەم ھاوڵاتیانەوە چوون و ھاوکارییان کردوون.”

وتیشی، “بەداخەوە ئەمە کارەساتێکی سرووشتییە و بەهۆی بارینی بارانێکی زۆرەوە روویداوە، بۆ ئەمەش مرۆڤ جگە لەوەی سوپاسگوزاریی خودا بکات، هیچی دیکەی پێناکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستی بە بەدواداچوون هەیە بۆ ئەوەی بزانین لە هەر شوێنێک ئەگەر کەمتەرخەمیی هەبووبێت، دەستنیشان بکرێت.”

مەسرور بارزانی باسی فراوانبوونی شاری هەولێری کرد و وتی، “گەورەبوونی شاری هەولێر لە ساڵانی رابردوو دوای ئەوەی کە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان هەبوو لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، بۆیان باسکردم کە یەکێک لە هۆکارەکان، گرتنی رێڕەوی ئاوەکە بووە کە بەداخەوە لەو ساڵانەی رابردوو لەوانەیە وەکو پێویست بە شێوەیەکی ئەندازیاری رەچاوی ئەوە نەکرابێت کە رێڕەوی ئاوەکە نەگیرێت، ئەمەش وایکردووە کە رێڕەوی ئاوەکە دەگیرێت و ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆکار کە ئەم جۆرە کارەساتەی لێبکەوێتەوە.”

باسی لەوەشکرد، “لیژنەمان پێکھێناوە بۆ ئەوەی ئەگەر بەربەست بۆ ئاوەڕۆ دروستکرابێت، ئەوا لێکۆڵینەوە بکەن و لایەنی کەمتەرخەم دەستنیشان بکەن”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە “ھێزەکانی زێرەڤانی و پێشمەرگەمان راسپاردووە ھاوکاری زیانلێکەوتووان بکەن”.

جەختیشی کردەوە “ئەوەی لە توانای حکومەت بێت درێغی ناکەین و ھاوکاری پێشکەش دەکەین،ھیوادارم خەڵکی ھەولێریش لەگەڵمان بن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button