لیژنەی باڵای بایۆمەتری کۆبۆوەو بڕیاری تۆمارکردنی دواکەوتوانی كە‌رتی سە‌ربازی-دا

لڤین:

فەرمانبەرانی کەرتی شارستانی حکومەتی ھە‌رێم خاوە‌نی ژمارەی بێهاوتای کەسیین و بۆ‌ ھە‌موو مووچە‌خۆرانی تریش دروستدە‌كرێت، دواتریش ھاوڵاتی لە‌دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت بە‌و ژمارە‌یە‌ دە‌ناسرێتە‌وە‌.

قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە‌ كۆبوونە‌وە‌ی لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری، بڕیاریدا دواکەوتوانی کەرتی سەربازی تۆماربكرێن ھە‌روە‌ھا ژمارە‌ی بێھاوتای كە‌سی بۆ كە‌رتی سە‌ربازی و ھە‌موو موچە‌خۆران دروستبكرێت .

لە‌کۆبوونەوە‌ی لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری، کە بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی و ئامادەبوونی وەزیری دارایی و ئابوری ئەمڕۆ چوارشەممە‌ ١٥ی دیسەمبەر، بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لە‌بارە‌ی چۆنییە‌تی بە‌رە‌وپێشچوونی كارە‌كانی قۆناغی دووە‌می بایۆمە‌تری كرا و چە‌ند بڕیارێکیش لە‌وبارە‌یە‌وە‌ دران.

لە‌بارە‌ی “ژمارەی بێهاوتای کەسی”یە‌وە‌، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئە‌وە‌ی راگە‌یاند كە‌؛ چۆن لە ئێستادا فەرمانبەرانی كە‌رتی شارستانی حکومەتی ھە‌رێمی كوردستان خاوە‌نی “ژمارەی بێهاوتای کەسی”ین، كاریش بۆ كە‌رتی سە‌ربازی وھە‌موو مووچە‌خۆرانی تر بكرێت بۆ ئە‌وە‌ی ببنە‌ خاوە‌نی ھە‌مان ژمارە‌ کە ژمارەیەکی تایبەتە‌ بە هەر مووچەخۆرێک،‌ هاوکار دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران کە یەکێکیان کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە ئەلکترۆنی بکرێت.

لەبارەی دابەشکردنی مووچە بە شێوازێکی ئەلکترۆنی و گونجاو، کۆبوونەوە بڕیاریدا لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری کار بۆ رێکخستنی سیستەمێکی ئەلکترۆنی بکرێت کە مووچەی پێ دابەش بکرێت.

لە‌بارە‌ی تۆمار كردنی چین و توێژە‌كان لە‌ سیستە‌می بایۆمە‌تری-دا، كۆبوونە‌وە‌ بڕیاریدا ئە‌ندامانی سە‌ندیكای پارێزە‌رانیش تۆمار بكرێن و دواتر سە‌ندیكا و چین و توێژە‌كانی تریش كار بۆ تۆمار كردنیان بكرێت.

پڕۆژە‌ی بایۆمە‌تری، قۆناغی یە‌كە‌می جێبە‌جێ كرا بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە سیستەمێکی ناوەندی ئەلکترۆنیدا، لە‌ئێستادا لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری لە‌جێبە‌جێبكردنی قۆناغی دووە‌میدایە‌ كە‌ ئە‌ركە‌ سە‌رە‌كییە‌كانی دروستكردنی ژمارەی بێهاوتای کەسی و رێكخستنە‌وە‌ی پە‌یكە‌ری حكومە‌تی ھە‌رێم و دابە‌شكردنە‌وە‌ی میلاكاتە بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی زانستیانەتر ودابە‌ش كردنی مووچە‌ بە‌ سیستە‌مێكی ئە‌لكترۆنی و نە‌ھێشتنی رۆتینە‌‌.

ژمارە‌ی بێھاوتای كە‌سی بریتییە‌ لە‌ ژمارە‌یە‌كی بێھاوتا(دووبارە‌نە‌بوو) بۆ ھە‌موو كە‌سێك كە‌ لە‌ سیستە‌می بایۆمە‌تری تۆمار كراوە‌ و دە‌بێتە‌ خاوە‌نی ئە‌م ژمارە‌یە‌، دواتریش ھاوڵاتی لە‌دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت بە‌و ژمارە‌یە‌ دە‌ناسرێتە‌وە‌.

لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ھیوا ئە‌فە‌ندی بە‌رپرسی فە‌رمانگە‌ی تە‌كنە‌لۆژیای زانیاری و سە‌فین غە‌فور راوێژكاری تایبە‌تی جێگری سە‌رۆك وە‌زیران بە‌شدار بوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button