چەند بڕیارێک لەپارێزگاى هەولێرەوە

لڤین:

بۆ ڕێکخستنى ئاهەنگى شەوانە لە (هوتێل، ڕێستورانت، باڕ، هۆڵەکان)  ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا و کۆبوونەوە و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد.

بەگوێرەی بڕیارەکان بۆ هیچ یانە و هۆڵێک نییە رێژەی بەشداری هونەرمەندە کوردەکان 50٪ کەمتر بەشداری پێ بکات و تەنها شوێنە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەکان دەبێت ئاهەنگیان تادا بگێڕدرێت.

یەکەم/ مۆلەتى کارکردنى گەشتیارى ئاهەنگێڕانى شەوانە، تەنها دەدرێت بە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.
دووەم/ بەکارهێنانى مۆڵەتى کارکردن تەنها لە (هوتێل، ڕێستورانت، باڕ، هۆڵەکان)ى چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە دەبێت.
سێیەم/ نابێت خاوەن مۆڵەت بەبێ پشتگیرى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر) ڕێگە بە گۆرانی بێژ و هونەرمەندان بدات بۆ گۆرانى گووتن لە ئاهەنگى شەوانە.
چوارەم/ دەبێت خاوەن مۆڵەت لەئاهەنگى شەوانە بەڕێژەى (50%) بەشدارى بە هونەرمەند و گۆرانیبێژى کوردستان بکات.
پێنجەم/ دەبێت شوێنى ئاهەنگ گێڕانى شەوانە ڕووپۆشکرابێت بە بەربەستى دەنگ(عازل الصوت).
شەشەم/ دەبێت خاوەن مۆڵەت گرێبەست لەگەڵ گۆرانى بێژ و هونەرمەند بکات، نابێت گۆرانى بێژ و هونەرمەندیش جگە لەو ڕێکەوتنەى کە لەگەڵ خاوەن مۆڵەت کردویەتى لەهیچ هۆڵ و شوێنێکى تر کاربکات.
حەوتەم/ تەمەنى ئەو کارمەندانەى لەو شوێنانە کاردەکەن دەبێت لەسەرووى (20) ساڵ بێت.
هەشتەم/ ئاهەنگى شەوانە تاوەکو کاتژمێر(1)ى شەو ڕێگە پێدراوە، بەپێچەوانەوە سەرپێچىکار ڕێکارى یاسایی دەگیرێتەبەر.
نۆیەم/ لەسەر خاوەن مۆڵەت پێویستە بەڵێننامە واژووبکات و پابەندى تەواوى ئەو بڕیارانەبێت، بەپێچەوانەوە لەکاتى بوونى هەر سەرپێچیەک سزا دەدرێت بە پێبژاردن و داخستنى هۆڵ و شوێنى ئاهەنگگێڕان و لێسەندنەوە یان هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتى کارکردنەکەى.:-
1- پارێزگاى هەولێر، لەکاتى هەبوونى هەر بۆنەیەکى ئاینى، ڕۆژێکى ماتەمینى گشتیى وڕۆژى تایبەت، بریار لەبارەى گۆڕانکارى لە کاتى ئەنجامدانى ئاهەنگ یان هەڵوەشاندنەوەى دەدات.
2- لەکاتى ئاهەنگگێڕان، هەڵدانى پارە، ناوهێنانى کەسایەتییەکان، هەڵسوکەوتى بێزارکەر، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ئەنجامدەرانى و خاوەنى هۆڵ بەرپرسیارن و ڕێکارى یاساییان لەبەرامبەر دادەگیرێتەبەر.
3- چوونە ژوورەوەى خوار تەمەن (18)ساڵ بۆ ئاهەنگى شەوانە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، جگە لە ئاهەنگى خێزانى تایبەت نەبێت.
4- خاوەن مۆڵەت بەرپرسە لە کۆنتڕۆڵى ئەمنیەتى شوێنەکەى و لەسەریەتى ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ڕێگە پێدراوەکانى پاسەوانى بکات.
5- جگە لەو گۆرانی بێژ و هونەرمەندانەى گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ گۆرانى گووتن لەگەڵ خاوەنى مۆڵەت، چوونە سەر ستیج و گۆرانى گووتن بەهەموو شێوەیەک بۆ هەموو کەسێک قەدەغەیە.
6- دەبێت گۆرانى بێژ بۆ گۆرانى ووتن لە ئاهەنگى شەوانە، مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر وەرگرێت بەپێى ئەو مەرجانەى دیاریانکردووە.
7-سەرجەم ئەو کارمەندانەى لەهۆڵەکانى ئاهەنگگێڕان کاردەکەن، دەبێت کارتى تەندروستی بەڕێوەبەرایەتى گشتیی تەندروستى هەولێریان هەبێت بەپێى ئەو مەرجانەى دیاریانکردووە.
ده‌یه‌م/ قومارکردن بە ئامێر، سەرجەم شێوە و شێواز و جۆرەکانییەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەرکەسێک لەهەر شوێنێک بیکات، ڕێکارى توندى یاسایی لەبەرامبەر ئەو کەسە و شوێنەکە دەگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئەمنیەکان دەستکراوەکراون بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوون و دەستگیرکردنى ئەو کەسانە و داخستنى ئەو شوێنانە و وەرگرتنى ڕێکارى پێویست.
یازده‌یەم/ خواردنەوەى مادە کحولیەکان(مەشروب) لەسەر شەقام، باخچە، پارک، ناو ئۆتۆمبێل، شوێنەگشتییەکان، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکارى توندى یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دوازدەیەم/ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە ئەمنیەکان، لەبەرامبەر تەواوى خاڵەکانى ئەم بڕیارانە، بەرپرسیارن لە (جێبەجێکردن، مۆڵەتدان، بەدواداچوون و گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایی).
سێزدەیەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، بەرپرسیارن لەبەرامبەر جێبەجیکردنى ئه‌و بریارانە وه‌كو خۆی، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت ‌بۆگرتنەبەرى ڕێکارەکان.
ئەم بڕیارانە لە 2022.1.1 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button