ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم و برێت مەکگۆرک ڕاگەیەندرا

لڤین:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ( دووشەممە،١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ) لەهەولێر پێشوازیکرد لە برێت مەكگورك ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە كۆشكی سپی، لە دیدارەۆەدا مەکگۆرک، دوپاتی كردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام ئەبێت لە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ لە نێوبردنی تەواوەتی داعش .
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆكایەتی هەرێم، لە دیدارەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچو، نێچیرڤان بارزانی، كاتی سەردانی مەكگورگی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەم داو دوپاتی كردەوە كە لە سەروبەندی گۆڕانی ئەركی هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانان لە عێراق، دوپاتكردنەوەی بەردەوامیی پابەندیی ئەمەریكا بە پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، پەیامێكی گرنگە.
لە كۆبونەوەكەدا كە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسوڵی گشتییان لە هەولێر ئامادەی بون، هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و پێشبینی بۆ داهاتوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، گفتوگۆی نێوان هێزو لایەنە عێراقییەكان، هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكومەتی نوێی فیدراڵ، دۆخی ئەمنی و سەربازی و ئابوریی وڵات، هێرش و پەلامارەكانی داعش، هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگەو سوپا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق ـ ئەمەریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردولا تاوتوێ كران.
هەردولا هاوڕا بون كە داعش مەترسییەكی ڕاستەقینەیەو بۆ ڕوبەڕوبونەوەو تێكشكاندنی، هێشتا عێراق پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاریكاری و هەماهەنگیی هێزو لایەنە عێراقییەكانیان بە پێویست زانی بۆ ئەوەی بتوانن حكومەتێكی كۆكەرەوە لە وڵات پێك بهێنن كە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی هاوڵاتیانی عێراق بێت و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزێت.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەو جیهان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، دوایین پێشهاتەكانی سوریاو پرسی كورد لەو وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بو.