بافڵ جەلال تاڵەبانی:دەمانەوێت وەک نوێنە‌رانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغداد

لڤین:

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و وەفدێکی یاوەری.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ماتیو تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەبارەی پرسە چارەنووسازەکان، پێشھاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، عێراقی دوای ھەڵبژاردن کرا، جەختکرایەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و پەنابردن بۆ دیالۆک و زمانی گفتوگۆ کرایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە بەتایبەت لە پرسی بەردەوامیدان بە راوێژ و ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە رووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان لەپێناو ریشەکێشکردنی تیرۆر و ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە.

سەبارەت بە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن و حکومەتی داھاتووی عێراق لە دیدارەکەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک کرایەوە کە لەئاست ھەستیاری ھەلومەرجەکە و خواست و پێویستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراق بێت و ھاوسەنگی سیاسی تێدا بپارێزرێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەگرنگییەوە ئاماژەی بە ھەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئە‌وە‌ی نوێنە‌رانی كوردستان بە‌یە‌ك تیم بچنە‌ بە‌غداد و دیدگای روونی یەکێتی ئاشکراکرد کە پەرۆشی رەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و وتی: دەمانەوێت وەک نوێنە‌رانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغداد و لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی پارێزراو دەبێت.

ھەر لەدیدارەکەدا چەندین پرسی تری جێی بایەخی ھەردوولا راشکاوانە بیروبۆچوونیان لەبارەوە خرایە روو.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button