دیندار زێباری: لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستاون له‌ خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردو

لڤین:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانیکردن لە داوا رەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌راگه‌یه‌نراوێكدا کە ئەمڕۆ ( هەینی، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) بڵاویكرده‌وه‌ ڕایگەیاند،” حکومەتی هەرێم پشتگیری لە گشت داوا رەواکانی هاوڵاتیان دەکات، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە یاسای (ڕێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە 11ی ساڵى 2010، بەپێى ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستورییە، بەپێی ئەم یاسایە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی ئەستۆ دەگرن لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان”.

سەبارەت بە روداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەداوە، “بەپێی بەدواداچونمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، رۆژی 21-11- 2021 لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و چەند شوێنێکی تر، ژمارەیەک قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران بریتی بوە لە خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە نارەزایەتییەکانیان ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبو”.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی له‌وه‌شكردوه‌، “بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان کەوتوە و هەندێک شوێن سوتاوە، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانی نەبوە، بەڵام چەند کەسێک برینداربون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لە هەمان کاتدا لیژنەی بەدواداچون پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە دەستگیر کراوە”.

سەبارەت بە ئیجرائاتی لایەنە ئەمنییەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران وتیەتی، “لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانیکردن لە داوا رەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button