پەرلەمانى فەرەنسا بڕیارێکی گرنگ تایبەت بە جینۆسایدی کورد دەدات

لڤین:

سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کورد رایگەیاند،لە فرەنسا چەند پەرلەمانتارێک پرۆژە بڕیاری ناساندنی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجەیان ئامادە کردوەو رۆژی ٢٠٢١/١١/٢٦ ھەینی دەچێتە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە بۆ دەنگ لەسەر دان.

سالار مەحمود سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کورد سەبارەت بە بڕیارەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندوە،” ئەم رووداوە گرنگە ھاوکاتە لەگەڵ خنکانی دەیان کۆچبەری کورد لە کەنارە ئاویەکانی کاڵاس لە نێوان فرەنساو بەریتانیا و ناوەڕۆکی پرۆژەکە فرە رەھەندو تێروتەسەلە بەتایبەتی ھۆکارە پێویستیەکانی وەک پێشەکی باس لە قەرەبووی قوربانیان و کەسوکاریان دەکاتەوە”.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” ھەموو رەھەندە یاساییەکانی تاوانی کۆمەڵکوژی ئاماژە پێ کردوە، دیکۆمێنتێکی یاسایی بەھێزە، کەرەستەی ھەڵمەتێکی نێودەوڵەتیە بۆ ناساندنی جینۆسایدی کوردستان لەسەر ئاستی دونیاو کردنەوەی بە دۆسیەیەکی نوێ، بەتایبەتی لە کات و زەمانێکدا بابەتی کۆچی کوردان بۆ ھەندەران و باس و خواسی میدیاکان لەسەر دۆخی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوەتەوە تراژیدیایەکی نوێ و پرسێکی گەرم”.

ئەوەشى خستەڕوو،” کە فرەنسا لەم قۆناغەدا نزیکترین پەیوەندی بە حکومەتی کوردستانەوە ھەیە. لە نزیکەوە چاودێری دۆخی عیراق و ھەرێم دەکەن”.

لە رابردووشدا بەھۆی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە ( بڕیاری دژە فڕین) کە فرەنسا داڕێژەرەکەی بوو، ھەروەھا ھەبوونی پەیوەندی بەھێز لەنێوان چەند کەسایەتیەکی سیاسی کاریگەری فرەنساو کورد. بنەمایەک بۆ پرسی کوردو کار لەسەر کردنی لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی دروست بوە.

ئاماژەی بەوەیشداوە،” “پێویستە ناوەندە سیاسی و میدیایی و یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان و ناوەندە ئەکادیمی و رێکخراوەییەکان ئەم رووداوە بەھەند وەربگرن و تەنیا تەماشاکەر نەبن، یا وەک ھەوڵ و دەرفەتەکانی تر سارد نەکرێنەوە”.

سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کورد داواکار پەرلەمانی کوردستان دەکات کە دانیشتنێکی تایبەت بکات لەسەر ئەو پرۆژە بڕیارەی پەرلەمانی فرەنسا، دوای ئەوەی دەبێت بە بڕیارو ئەرک و ھەڵوێستەکانی خۆی لەسەر بنەمای بڕیارەکە دیاری بکات.

ناوبراو جەختیش دەکاتەوە کە ێویستە سیاسەت و دۆخی سیاسی لەم چاڵاییە تاریکە سەر بخرێ بۆ پانتایتەکی رەخساوی کاری نیشتمانی. ئەم پرۆژە بڕیارەی پەرلەمانی فەرەنسا بەداخەوە کورد خۆی کەم ئاگای لێیەتی بە ھۆی خۆ گەمارۆدانی بە ململانێی نا دروست و بەفیڕۆدانی تواناکان و دورخستنەوەی وزە باشەکان و جڵەو دانەدەست بێباک و بێ تێزەکان.

سالار مەحمود دەشڵێت، لە ئێستا چاوی میدیاکانی کوردستان لەسەر ئەم ھەوڵە بێت و لە رووی سیاسیشەوە بە رووداوێکی گرنگ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان کاردانەوەو بەئاگا ھاتنەوە دروست بکات. ھەم وەک پرۆژەی بەخۆداچوونەوەو ھەم وەک پرۆژەی ھاوبەشی کاری نیشتمانی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button