پاش ساڵێک لە دەستگیرکردن رۆژی دادگایكردنی دەستگیرکراوێکی بادینان ئاشکرا کرا

لڤین:

پارێزەرێک، ئەمڕۆ دادگای كەتنی دووی هەولێر رۆژی دادگاییكردنی دەستگیركراوێكی تری بادینانی دیاریكرد، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەم دەستگیركراوە ماوەی ساڵێكە لە زیندانە.

پارێزەر بەشدار حەسەن ئەمڕۆ ( پێنج شەممە، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) بە میدیاکانی راگەیاند،” دادگای كەتنی دووی هەولێر ڕۆژی 14ی2ی2022 وەك یەكەم ڕۆژی دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب دیاریكردو دادگاییكردنەكەشی بە ماددەی ( 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 )ـیە، كە تایبەتە بە تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان”.

بێریڤان ئەیوب تاکە دەستگیرکراوی کچی بادینانە کە لەگەڵ زیاتر لە ٨٠ کەسی دیکەی بادینان دماوەی زیاتر لە ساڵێکە دەستگیرکراوە و یەکەمنی دانیشتنی دادگایکردنی کەوتووەتە ساڵی داهاتوو.

پێشتر کەمپینی ئازادی بۆ بێریڤان ئەیوب ڕایگەیاندرا بێریڤان ئەیوب، کە دایکی ٥ منداڵە و ماوەی ساڵێک زیاترە دەستگیرکراوە و تەنانەت ڕێگای پێ نادرێت منداڵەکانیشی ببینێت و چەندین جار مانی گرتووە لەخواردن وخواردنەوە و هەرجارە و ۱٥ بۆ ۱٨رۆژ مانیگرتوە تا لەهۆش خۆی چووە بەزۆر ئاو و نانی پێ دراوە.

جێگەی ئاماژە پێدانە زیاتر لە ٨٠ چالاكوانی بادینان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەستگیركراون وبەشێكیان سزادراون، بەشێكیشان هێشتا كەیسەكانیان لە دادگا یەكلایی نەكراوەتەوە، كەیسی دەستگیركراوانی بادینان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چەندین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button