عوسمان حاجی مەحمود:قۆناغی ئێستا پێویستی بەبیستنی دەنگی ئەقڵ و ھەڵوێست وکاری بەرپرسانەیە

لڤین:

عوسمان حاجی مەحمود:گرنگە بریار بەدەستەکان بزانن ئەم ڕەفتارانە ناڕەزایەتیەکان گەورەترو چارەنوسی ئێوەش نادیارتر دەکات،داواکارین لە خوێندكاران ڕێگە نەدەن ھێز وگروپی سیاسی ئاراستەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانتان بۆمەرامی تایبەت بەکار بھێنن.

لە پەیامێکدا عوسمانی حاجی مەحمود کەسایەتی سیاسی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی خۆپیشاندانی چەند ڕۆژی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڵاویکردوەتەوە، تێیدا هاتوە،” بەھۆی خراپی بەرێوەبردن و بێ باکی دەسەڵاتدارانەوە، ھەرێمی کوردستان نغرۆی نادادی وستەم وگەندەڵی و نا ئارامی و بێ ئومێدی و بێ متمانەییەکی زۆر بۆتەوە کە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی خوێندکاران و ناڕەزایەتی فراوانی چین و توێژەکانی تری کوردستان دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە خراپەی بەرێوەبردن و ئیدارەدانن و ئایندەی ھەرێمەکەیان خستۆتە بەردەم چەندین مەترسیەوە”.

پەیامێک لە عوسمانی حاجی مەحمودەوە

ھاوڵاتیانی بەرێز ، خوێندکاران و چین و توێژەکانی نیشتیمان …

بەھۆی خراپی بەرێوەبردن و بێ باکی دەسەڵاتدارانەوە، ھەرێمی کوردستان نغرۆی نادادی وستەم وگەندەڵی و نا ئارامی و بێ ئومێدی و بێ متمانەییەکی زۆر بۆتەوە کە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی خوێندکاران و ناڕەزایەتی فراوانی چین و توێژەکانی تری کوردستان دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە خراپەی بەرێوەبردن و ئیدارەدانن و ئایندەی ھەرێمەکەیان خستۆتە بەردەم چەندین مەترسیەوە .

ھەڵسوکەوتی ئەم چەند رۆژەی دەسەڵات کە لەبری بە دەنگەوەھاتن و جێبەجێکردنی داواو مافەڕەواکانیان بەھەڕەشەو دەستگیرکردن و شەق و توندوتیژی روبەڕوی خوێندکاران بونەوە تەواو ناڕەوایە و بەتوندی ئیدانەی دەکەین و پێمان وایە رێگای دروست بۆ چارەسەری مافەکانی خوێندکاران و کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی بەرپاکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەرگرتنی راستەقینەیە لەو بەھەدەردان و نایەکسانی و گەندەڵیەی کە سەرتاپای جومگەو پێگەکانی حکومڕانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە .

قۆناغی ئێستا پێویستی بەبیستنی دەنگی ئەقڵ و ھەڵوێست وکاری بەرپرسانەیە نەک بەکارھێنانی توندوتیژی و زیندانی کردن. جگە لە خەڵک و میدیاو دامەزراوەو رێکخراوە جۆراوجۆرەکان ئەوەتا بڕیاربەدەستان خۆشیان لەڕاگەیاندەکانەوە باس لەدزی وگەندڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات دەکەن بەبێ ئەوەی ھیچ ھەنگاوێکی چاکسازیان ببینرێ و پێ ناچێ لە بیری گۆڕینی ئەقڵیەتی حکومڕانیاندا بن بۆ دۆزینەوەی چارسەرێکی سەرەتایی ، بەھێنانەوەی بیانو و تۆمەت و گومانیش ناتوانن گرفت و کێشە بنەڕتیەکانی ژیانی خەڵک بەلاڕێداببەن و ھەوڵ و کۆششی خەڵک بۆ گۆڕانکاری خامۆش بکەن.

ھەرێمێک بڕیاربەدەستەکانی بایکۆت و دەنگ سوتاندنی خەڵکی لەھەڵبژاردن (بە دەنگدانی تایبەتیشەوە کە زۆرینە لە ھێزەکانی پێشمەرگەو ناوخۆن) وکۆچی گەنجان و توانا جیاجیاکانی وڵات و دەنگی خەڵک و خوێندکاری خۆپیشاندەری بەلاوە گرنگ نەبێ بێگومان ھیچ بابەتێکی تری بەلاوە گرنگ نابێ .

گرنگە بریار بەدەستەکان بزانن ڕەوتی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی چین و توێژەکانی خەڵک بەم جۆرە بەری پێناگیرێت و ئەم ڕەفتارانە ناڕەزایەتیەکان گەورەترو چارەنوسی ئێوەش نادیارتر دەکات و ھەرێمەکە و خۆتان دەخاتە دۆخێکەوە کە نە پەشیمانی سودێکی دەبێ و نە زەمەنیشتان پێ دەگەڕێندرێتەوە .

خوێندکاران و چین وتوێژەکانی تری خەڵکی کوردستان ، جارێکی تر پشتیوانی ماف و داوا ڕەواکانتان دەکەین و داواکارین ڕێگە نەدەن ھێز وگروپی سیاسی ئاراستەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانتان بۆمەرامی تایبەت بەکار بھێنن و تکامان وایە سەرەڕای ڕەفتاری توندوتیژی ھێزە ئەمنیەکان ، ئێوە پەلاماری دەزگاو دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان نەدەن ، ھێزی ئێوە لەمافی رەواو ئیرادەی بەردەوامیتاندایە.

یەکەو پێکھاتە جیاکانی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم پێویستە واز لەتوندوتیژی و ڕەفتاری سەرکوتکەرانە بھێنن و بەشێوەیەکی شیاو مامەڵە لەگەڵ خوشک و برا خۆپیشاندەرەکانتان بکەن.

عوسمانی حاجی مەحمود

25/11/2021

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button