فەرمانگەی میدیا و زانیاری: توركیا پێدانی كارەبای بە هەرێمی كوردستان راگرتووە

لڤین:

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا هۆكاری كەمبونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا دەخاتەڕوو، کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە توركیا پێدانی كارەبای بە هەرێمی كوردستان راگرتووە.

دەقی رونكردنەوەكە:

لەم ماوەیەدا، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا لەسەرجەم شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كەم بووەتەوەو لە سێ ڕۆژی ڕابردووشدا ئەو بڕە بووەتە ١٦ كاتژمێرو ٢٠ خولەك، بۆیە بە پێویستی دەزانین لەو بارەیەوە ڕوونكردنەوەیەك بدەینە هاونیشتمانیانی خۆشەویست.

یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی كارەبا بۆ وێستگە ٣٠٠ مێگاواتییەكەی خەبات دەگەڕێتەوە كە لەژێر چاككردنەوە دایەو بڕیارە لە ڕۆژی 5/١٢/٢٠٢١ی ئەمساڵ بكەوێتەوە كار.

سەبارەت بە كارەبای هاوردەكراوی پارێزگای دهۆكیش كە ١٥٠ مێگاواتەو لەوڵاتی توركیاوە دەكڕدرێت، لە لەلایەن توركیاوە ڕاگیراوەو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی چارەسەركردنیدایە.

وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای ئەگریكۆی گەرمیان، یەكێكی دیكەیە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی و بڕیار وایە لەگەڵ زیادكردنی بەرهەمی گاز بۆ ئەو وێستگەیە بڕی پێدانی كارەباكەی لە ١٦٥ مێگاواتەوە بگاتە ٢٠٠ مێگاوات و بڕیارە لە ٢8/١١/٢٠٢١ بكەوێتە كار.

كارەبا سامانێكی نیشتمانییە و پێویستە هەموولایەكمان بە پێی پێویستیی ڕۆژانە بە كاری بهێنین تا بتوانین لەم ڕێگەیەوە ماڵی هەموو هاونیشتمانییەك ڕووناك بكەینەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button