ستران عەبدوڵا: دەباشان و سەری ڕەش دەتوانن كاری هاوبەش بكەن بەڵام لەسەر حسابی بنەما جێگیرەكانی یەكێتی نابێت

لڤین:

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی، گۆڕانكارییەكانی ناو حزبەكەی بە “ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو” و “شۆڕشێكی گەورە” ناودەبات و دەربارەی دیدارەكەی هەفتەی ڕابردووی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی-یش دەڵێت، كۆبوونەوەكە نیشانیدەدات دەباشان و سەری ڕەش دەتوانن كاری هاوبەش بكەن، بەڵام لەسەر حسابی بنەما جێگیرەكانی یەكێتی نابێت.

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاندوە،” پێدانی دەسەڵات لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە بە بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئەو بڕیارانەیە كە پێویست بوو بۆ ڕێكخستنەوەی یەكێتی دەریانبكات”.

وتیشیەتی،” گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی كە ناومان ناون “ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو و پێمانوایە شۆڕشێكی گەورە بووە لەناو یەكێتی”، پێش ئەو بڕیارانەش لەئارادابوون لەسەر ئەوەی مەڵبەندەكان لانیكەم لە پارێزگا گەورەكان فراوانتر بكرێن”.

ستران عەبدوڵڵا سەبارەت بە بڕیارەكانیش دەکات و دەڵێت،” ئەو بڕیارانەی دراون بڕیاری زۆر ڕاست و دروستن و یەكێتی یەكدەستدەكاتەوە و یەكێتی دەخاتەسەر سكەی خۆی و چۆن یەكێتی بكەینەوە بە یەكێتیی مام، یەكێتیی مام ئەو یەكێتییەیە كە موعەزەز و موكەڕەم و سەربەرز بوو لە هەموو كوردستاندا”.

دەربارەی گۆڕانكارییەكانی داهاتووش ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی ڕوونیدەكاتەوە، بڕیاروایە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆ بكرێت، هەروەها بڕیاروایە ئەو ناوەی یەكێتییەكان ناوی لێدەنێن جا سكرتێری گشتی، سكرتێر، یان سەرۆك بێت بۆ پۆستەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی یەكلابكرێتەوە.

سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیش ڕوونیدەكاتەوە، دوای هەڵبژاردنەكان یەكەم كەس كە دەستپێشخەری كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی، هەڤاڵ بافڵ بوو، بەڵام هەڤاڵان پێیانباشبوو زەمینەی كۆبوونەوەكە بڕەخسێندرێت، ئەوكات ئەنجامبدرێت.

هەفتەی ڕابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە سەری ڕەش كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا دەربارەی كۆبوونەوەكە ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی وتی، پێشتر هەڤاڵانی پارتی دەستپێشخەرییان كرد سەردانی كاك بافڵ و مەكتەبی سیاسییان كرد، بۆیە بافڵ تاڵەبانی لە بەرامبەردا سەردانێكی بۆ سەری ڕەش ئەنجامدا.

وتیشی، “ئەو كۆبوونەوەیە ئەو تەعبیرەی نیشاندا كە دەباشان و سەری ڕەش پێكەوە دەتوانن زۆر كاری هاوبەش بكەن، بەڵام هیچ لەسەر حسابی سەوابتەكانی یەكێتی نابێت چونكە لە بنەڕەتدا یەكێتی ڕانەهاتووە لە باوەڕە سیاسییەكانی خۆی، لە پێگە و ڕۆڵی سیاسیی خۆی لابدات، ئەشێ كورسیی سیاسیی یەكێتی كەم بێت، زۆر بێت، بەڵام سەنگی سیاسیی یەكێتی هەر دەمێنێت”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button