قوباد تاڵەبانی:هەمووان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییداین بۆ گێڕانەوەى متمانەى گەلەکەمان

لڤین:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ ( یەک شەممە، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە،” رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژێک بۆ شکۆدارکردنی یادەوەری قوربانیدانی رۆڵەکانمان لەپێناو هێنانەکایەی ئەمڕۆی ئازادی و سە‌ربە‌ستی، رۆژێک کەتێیدا یادەوەری ئەو هەزاران شەهیدەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکەینەوە کەخوێنی پیرۆزی خۆیان کردە قوربانی بەرگری کردن لەم خاک و نیشتمانە”.

دەقی پەیامەکە:

رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژێک بۆ شکۆدارکردنی یادەوەری قوربانیدانی رۆڵەکانمان لەپێناو هێنانەکایەی ئەمڕۆی ئازادی و سە‌ربە‌ستی، رۆژێک کەتێیدا یادەوەری ئەو هەزاران شەهیدەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکەینەوە کەخوێنی پیرۆزی خۆیان کردە قوربانی بەرگری کردن لەم خاک و نیشتمانە.

لەرۆژی شەهیدی یەکێتی-دا رایدەگەیەنین کە؛ کێلی شەهیدەکانمان گەورەترین ناسنامەمانە‌، لەم رۆژەشدا پەیمان و وەفا دووپات دەکەینەوە کەپارێزەری دەستکەوتەکان بین و هەوڵ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بدەین.

لەم رۆژە پڕ شکۆیەدا سەرباری دووپاتکردنەوەی بەڵێنی بەهێزترکردنی ریزەکانی یەکێتی، رایدەگەیەنین کە؛ هەمووان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییداین بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەلەکەمان، بەتایبەت لەقۆناغی دوای هەڵبژاردن بە گرتنەبەری شێوازە دیموکراتییەکان وەک هۆکارێک بۆ گۆڕانکاری لەپێناو راستکردنەوە و بەرەوپێش بردن و بەدیهێنانی سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەرێمەکەمان، بەگرنگ دەزانین.

خوای گەورە کوردستانەکەمان بپارێزێت و سە‌ری رێز دادە‌نە‌وێنین بۆ رۆحی شەهیدە‌كانمان و ھە‌میشە‌ خۆمان بە‌قە‌رزدارباری كە‌سوكارە‌ سە‌ربە‌رزە‌كانیان دە‌زانین.

قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button