هەولێر:ئەو نەخۆشخانەیەى بۆ دانەوەى تەرمێک داواى پارەى دەکرد بۆ ماوەیەک دادەخرێت

لڤین:

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم، ئەو نەخۆشخانەیەی كەرتی تایبەت لە هەولێر كە لەسەرەتای ئەم مانگەدا بۆ دانەوەی تەرمی نەخۆشێكی كۆرۆنا بە كەسوكارەكەی، داوای پارەی كردبو، بۆ ماوەیەك دادەخرێت و بە بڕی سێ ملیۆن دیناریش سزا دەدرێت.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئەمڕۆ ( دوشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،” لەماوەکانی رابردودا لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری هەولێر حاڵەتێک هەبو، کە بوە باس و خواسی میدیاکان، ئەویش نەدانەوەی تەرم بو، گوایە پارەی تەواوی نەدابو و پێویستە ئەو قەرزەی لەسەریەتی بیداتەوە بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکە تەرمەکەی بداتەوە”.

وتیشی”دوای ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا چەند بڕیارێکی گرنگ درا، ئەوانیش داخستنی نەخۆشخانەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەپێی یاساو رێنمایی، هەروەها پێبژاردنی نەخۆشخانەکە بە بڕی سێ ملیۆن دینار، هەروەها وەرگرتنی بەڵێننامە بۆ دوبارەنەبونەوەی ئەم حاڵەتە”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی وتیشی،” حاڵەتی نەدانەوەی تەرم خراپەو بەهیچ شێوەیەک وەزارەتی تەندروستی قبوڵی ناکات، راستە ئەوانە کەرتی تایبەتن، بەڵام لەژێر یاساو رێنمایی وەزارەتی تەندروستی کاردەکەن، ئەمەش بۆ دوبارەنەبونەوەی ئەو حاڵەتانە ئەم بڕیارو رێنماییانە زۆر گرنگەو رێنمایی پێویست بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان دەرچوە بۆ ئەوەی کاری لەم جۆرە نەکەن”.

سەرەتای ئەم مانگە هاوڵاتییەكی شاری هەولێر رایگەیاندبو كە نەخۆشخانەی ئەهلی لە شاری هەولێر بۆ پێدانەوەی تەرمی زاوایەكیان كە بە كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكە گیانی لەدەستداوە داوای 10 ملیۆن دیناری لێكردون.

بەوتەی ئەو هاوڵاتییە لەماوەی 32 رۆژدا لە نەخۆشخانەكە 45 ملیۆن دیناریان لە نەخۆشخەكەیاندا خەرج كردوەو پاش ئەوەش پێنج ملیۆن دیناری دیكەیان داوە بۆ وەگرتنەوەی تەرمی زاواكەیان بەڵام نەخۆشخانەكە پێیان وتون “نابێت، هەر دەبێت 10 ملیۆن دینار بدەن.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button