بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتیی پەرۆش و پشتیوانی زیاترکردنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە نێوان ھەرێم و ئێرانە

لڤین:

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە دکتۆر مەھدی سەفەری، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری دبلۆماسی و بازرگانی و مەھدی شوشتەری، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی.

لە دیدارێکدا تەئکید لە فراوانکردنی ھاریکاری ئابووری و بازرگانی لە نێوان ھەردوولا کرایەوە بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات و پێویستی لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان و سەرمایەداران دووپاتکرایەوە.

ھەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆی ورد کرا لەسەر رێوشوێنەکانی پەرەپێدانی کاری وەبەرھێنان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی لە ھەرێم و کارئاسانی زیاتر بۆ خاوەنکار و سەرمایەدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران تا لە ھەرێم سەرمایەگوزاری زیاتر بکەن و بەشداری کاریگەرتربن لە پێشخستنی ئابووری ھەرێم، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ھەماھەنگی و بەردەوامی پەیوەندییەکان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی و پشتیوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ زیاترکردنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وەفدی میوان دەربڕی و رایگەیاند، کارئاسانی تەواو دەکەن بۆ ھەموو جموجۆڵێکی بازرگانی، ئەو پەیوەندییە ئابوورییەی ھەبووە دەمانەوێت، نەک بەردەوامی، بەڵکو زیاتری بکەین و ھاوکارمان بن بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی ستراتیژی و گرنگ کە خزمەتی زیاتر بە ھەرێم بکات لەو رووەشەوە پاڵپشتی یەکێتی دەربڕی بۆ تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکانی بە رەسمی ناساندنی مەرزەکانی کێلی، شوشمێ و پشتە کە خزمەتێکی بەرچاو بە ھەرێم دەکات و ھەزاران ھەلی کار لە سنوورەکە دەڕەخسێنێت و کاریگەری دەبێت لە پێشخستنی ئابووری ھەرێم.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button