کچێکی کورد دوای ئەوەی شووی بە ئامۆزاکەی نەکرد کوژرا

لڤین:

ڕێکخراوی هەنگاو، ژنێکی لاوی خەڵکی کرماشان دوای ئەوەی حازر نەبوو شوو بە ئامۆزاکەی خۆی بکات، لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ ( شەممە، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاندوە،” بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراو ڕۆژی ( چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٣ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، ژنێکی لاوی خەڵکی کرماشان بە ناوی ئارەزوو ئولفەتی گوڵدەستە تەمەن ٣٥ ساڵ لەلایەن کوڕەمامەکەی خۆیەوە کوژرا”.

ئاماژە بەوەیشدراوە،” بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمیر تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕەمامی ئارەزوو، دوای ئەوەی ئارەزوو حازر نەبووە شووی پێ بکات لە گەڕەکی ئاناهیتای کرماشان بە ئۆتۆمبێل خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا کێشاوە. لەو ڕووداوەدا ئارەزوو دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و خۆشکێکیشی چووەتە کۆما و ئێستا لەژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکیدایە”.

هەروەها هاتوە ئەو سەرچاوەیە کە ناسنامەی لای هەنگاو پارێزراوە لەدرێژەدا وتی،” بکوژەکە دوای ئەوەی کە ئۆتۆمبێلی ئارەزوو و خۆشکەکەی هەڵدێراوە، تەرمی ئارەزووی هێناوەتە دەرەوە و سێ گولەیشی لە سەری داوە”.

ڕێکخراوەکە ڕایشیگەیاندوە،” جیگای ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش ئیستا کوڕەمامی ئارەزوو چوبووە ماڵ زڕباوکی ئارەزوو و تەقەی کردبوو کە دوای تۆمارکردنی سکاڵا دەستبەسەر کرابوو. بەم حاڵەش ئارەزوو ڕەزامەنی دابوو کە ئەمری ئامۆزای ئازاد بکرێت”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” ئەمیر دوای کوشتنی ئارەزوو هەڵاتووە و هەتا ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر نەکراوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button