بافڵ تاڵەبانی: عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بە حکومەتێکی خزمەتگوزار و چاکسازی راستەقینە ھەیە

لڤین:

ئه‌مڕ‌ۆ ( شەممە، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماری پارێت، لێپرسراوی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەسەر پرسە سیاسی، ئەمنییەکان و ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان ھەرێم و کونسوڵخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و پشتیوانیکردن لەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ کۆی ھاوکێشەکان تێڕوانین و ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو و روونیکردەوە عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بە حکومەتێکی خزمەتگوزار و چاکسازی راستەقینە ھەیە کە بتوانێت وەڵامی گلەیی و داواکاری خەڵک بداتەوە و یەکێتیش لەگەڵ ئەو لایەنانەدایە کە بەم سیاسەتە کاردەکەن و بنەمای خزمەت دەکەنە بەرنامەی حکومەت و باوەڕیان بە پێکەوەژیانی ھەمووان ھەیە.

ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستی یەکڕیزی و یەک گوتاری کوردی دووپاتکردەوە لەبەغدا و روونیکردەوە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن یەک ھەڵوێستیمان زامنی پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمانە و تەبایشمان لەناوەند فاکتەری بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێمە و دەتوانین باشتر رۆڵ بگێڕین لەپێناو داھاتوویەکی باشتر لە عێراقدا.

لەبارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاسایشی تاک بیرو بۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و ھەماھەنگی ھەردوولا بە پێویست زانرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئکیدیکردەوە لە پێشینەی ئەرکەکانی یەکێتی پاراستنی ئاسایش، ئارامی و ئاسایشی تاک بەتاکی ھەرێمی کوردستانە و ھەموو ئەو بەربەستانەی رێگرن و ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسی و چاودێر دەبن بەسەر ھاوڵاتییەوە لادەبرێن و رێگاش نادەین ئارامی تێکبچێت و ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری بخاتە ژێر مەترسییەوە و لەو چوارچێوەیەشدا چاکسازییەکان بەردەوام دەبن.

لە کۆتایی دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ ماری پارێت لە ئەرکە نوێکەیدا خواست و وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ سەرخستنی کارەکانی داوایکرد ھەماھەنگ بێت بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکان لەھەموو بوارەکاندا.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button