کازمی داوایەک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات

لڤین:

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات گفتوگۆ لەگەڵ یەکتریدا بکەن، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەبارەی روودانی گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا بکرێت.

نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ ( هەینی، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ )  راگەیەنراوێکی بڵاویکردەوە، تێیدا هاتوە،”  سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایکردووە لێکۆڵینەوەیەکی وردە لەبارەی ئەو رووداوانەوە بکرێت کە لە چەند شوێنێکی ناوچەی سەوزدا روویدا و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرابکرێت”.

هەروەها تێیدا هاتوە،” سەرۆک وەزیران جەختیکردووەتەوە کە دەبێت هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن”.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە،” مستەفا کازمی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردووە، کە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتریدا”.

هەروەها سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی بەغدا شانەی ئەمنی ڕایگەیاند کە ،” مستەفا کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێنوێنی بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان دەرکراوە تاوەکو پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندانەکان بکەن و رێز لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بگرن، بەتایبەتی مافی خۆپێشاندان و ئازادیی رادەبڕین کە لەو بنەما سەرەکییانەن حکومەت پێیانەوە پابەندە”.

ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کاتێکدایە کە، ئەمڕۆ لایەنگرانی نوری مالیکی و ھادی عامری لەبەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بەپێی وەزارەتی تەندروستی عێراق ١٢٥ کەس برینداربوون، کە ٢٧ کەسیان خۆپیشاندەربوون.

جێگەی ئاماژە پێدانە هۆکاری خۆپیشاندانەکان ئەوەیە کە هەندێ لایەنی سیاسی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەشێکی زۆری کوردسیەکانیان لەدەستداوە و بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕازی نین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button