سەرکونسوڵی ئێران: ئەو دۆخەی رویداوە جێگەی قبوڵ نییە

لڤین:

سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، رایگەیاند، ئەو بارودۆخەی لە چەند رۆژی پێشو لە مەرزی پەروێزخان رویداوە جێگەی قبوڵ نییە و دەشڵێت”هەرچی زوترە کێشەکان چارەسەر بکرێن و مەرزەکە بکرێتەوە.”

بەپێی راگەیەندراوێكی سەركونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی، ئەمڕۆ ( یەكشەممە، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ) سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بینای ئیدارەی گەرمیان لە کەلار ئامادەبو و لەگەڵ جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کۆبوەوە و وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگی مەرزی پەروێزخان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد کە ،” ئەو بارودۆخەی لە چەند رۆژی پێشو رویداوە جێگەی قبوڵ نییە”و داوای کرد “هەرچی زوترە کێشەکان چارەسەر بکرێن و مەرزەکە بکرێتەوە”.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” سەرکونسوڵی ئێران دواتر سەردانی هەردو دیوی عێراق و ئێرانی پەروێزخانی کردو لەگەڵ بەرپرسان و بەڕێوبەرانی مەرزەکە کۆبوەوەو پاشان پرۆژەکانی تایبەت بە پەرەپێدانی مەرزەکە لە دیوی ئێران و هەروەها کۆتا بارودۆخی مەرزو رێکارەکان بۆ ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەسەرکردەوە”.

ئاماژە بەوەیشداروە،” لای خۆیانەوە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەم دیدارانەدا باسیان لە کارەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی چەند رۆژی پێشو کردو بەڵێنیان دا لە چەند رۆژی داهاتودا هەنگاوی کاریگەر بۆ کردنەوەی مەرزەکە و هاتنەناوەوەی بارهەڵگرە عێراقیەکان بۆ بازارچەی مەرزی ئێران بەمەبەستی بارکردنی کاڵاکان و دەستپێکردنەوەی هەرناردەکردن بنێن”.

پێشتر عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرایكرد،” ھەفتەیەکە جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان ڕاگیراوە، هەزارو 700 بارھەڵگر مانیان گرتوە”.

سەبارەت بە هۆكاری مانگرتنەكەیان پەرلەمانتارەکە نوسیویەتی،” بەھۆی ئەوەی ھەر ڕۆژێک کۆمپانیایەکی حیزبی دێت و لەژێر ناوێک بەنایاسایی پارە لەخەڵک وەردەگرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button