شێروانی و چوار دەستگیرکراوی دیکەی بادینان شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا

لڤین:

دادگای شاری هەولێر، سزای زیندانیکردنی شەش ساڵی بەسەر شێروان شێروانی و چوار لە دەستگیرکراوانی دیکەی بادیناندا سەپاند.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بۆ ڕۆژی دووەم دانیشتنی دادگایکردنی ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی بادینان بەڕێوەچوو.

بەوتەی ئامادەبووانی دادگایی کردنەکە لە دانیشتنەکەدا تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و هاندان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان ئاراستەی دەستگیر کراوەکان کراوە.

لەئەنجامدا دادوەر سزای شەش ساڵ زیندانی کردی بە سەر هەریەک لە:  شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هەریوان عیسا  و  گوهدار زێباریدا سەپاند.

دوای بڕیاری دادوەر ئاسۆ هاشم، یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: بڕیارەکە سەرەتاییە و تەمیز دەکرێتەوە و دەبێت بۆئەوەش بە گەشبینیەوە چاوەڕوان بین.

لای خۆشیەوە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان، ڕایگەیاند، کە ناکرێت، ئەو کەسانە بەو شێوەیە سزا بدرێن لە کاتێکدا هیچ تاوانێکیان نەکردووە و ئەو تۆمەتانەشی ئاراستەیان کراوە، دەرخەری ئەون کە بێتاونن و ناکرێت لەسەر نوسین و ڕادربڕی خەڵک بەو شێوەیە سزا بدرێت.

وتیشی: ئەم ڕەوشە مەترسیدارە و دەکرێت هەریەک لە ئێمە سبەینێ بچێتە بەردەم دادگا و دۆخەکەی بەم دەردە بڕوات، هاوکات داوایکرد دادگای تەمییز بێ لایەنانە و پیشەییانە دۆسیەکە یەکلایی بکاتەوە.

دوێنێ ١٧ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان برانە دادگای هەولێر و دۆسیەی هەریەک لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی، ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوە کرانەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button