پارێزگاری سلێمانی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

لڤین:

پارێزگاری سلێمانی، هه‌موو هاووڵاتیانی به‌ڕێزو قه‌واره‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ خۆیان له‌ هه‌ر ته‌قه‌كردنێكی خۆشیی و هه‌وڵی یه‌كتر بزواندن و گوزارشتكردنێكی نامه‌ده‌نیانه‌ بپارێزن.

د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی، لەراگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، “ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، ڕۆژێكی گرنگ و چاره‌نوسسازه‌، ئاماده‌یی و به‌شداریكردنی تۆی به‌ڕێز به‌هاو ماناو گه‌وهه‌ری دیموكراسیی و خه‌باتی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی و مافی هاوڵاتیبونت و سه‌روه‌ریی یاسا و گۆڕین و ڕیفۆرمی ڕیشه‌یی سروشتیی دور له‌ توندوتیژیی و یه‌كترسڕینه‌وه‌و شه‌ڕو براكوژیی و خۆكوژیی و كوده‌تاو ڕێگریی و ساخته‌كاریی؛ ده‌چه‌سپێنێت. بۆیە بێ دودڵیی و نیگه‌رانیی؛ به‌شداریی له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا‌ بكه‌و ئه‌ركی هاوڵاتیانه‌ی خۆت و مافی خۆت له‌ دیاریكردنی ئاینده‌ی نزیكیی وڵاته‌كه‌دا دیاریبكه‌”.

دەقی پەیامەکە:
هاووڵاتیانی شكۆمه‌ندو سه‌ربه‌رزی كوردستان و پارێزگای سلێمانی..
ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم؛ ڕۆژێكی گرنگ و چاره‌نوسسازه‌، ئاماده‌یی و به‌شداریكردنی تۆی به‌ڕێز به‌هاو ماناو گه‌وهه‌ری دیموكراسیی و خه‌باتی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی و مافی هاووڵاتیبوونت و سه‌روه‌ریی یاسا و گۆڕین و ڕیفۆرمی ڕیشه‌یی سروشتیی دور له‌ توندوتیژیی و یه‌كترسڕینه‌وه‌و شه‌ڕو براكوژیی و خۆكوژیی و كوده‌تاو ڕێگریی و ساخته‌كاریی؛ ده‌چه‌سپێنێت.
بێ دوودڵیی و نیگه‌رانیی؛ به‌شداریی له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا‌ بكه‌و ئه‌ركی هاووڵاتیانه‌ی خۆت و مافی خۆت له‌ دیاریكردنی ئاینده‌ی نزیكیی وڵاته‌كه‌دا دیاریبكه‌.
هیچ هۆكارێكی ڕابردوو نابێت ببێته‌ ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م نیازو ئیراده‌و هه‌نگاوه‌كانی تۆدا، ده‌نگت سەنگ و ڕه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رپرسیارانه‌ی تۆیه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خواست و خه‌ون و ویست و داواكاریی و خزمه‌تگوزاریی و مافانه‌ی كه‌ دڵخوازی تۆن‌.
ڕۆژی ته‌ته‌ڵه‌كردنی ویست و جیاوازییه‌كانه‌ له‌ ڕێی داوه‌ریكردنی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌، پێویسته‌ هه‌موو ناكۆكیی و جیاوازیی و شكستێكی ڕابردوو تێبه‌په‌ڕێنین و هه‌ڵبژاردن بكه‌ینه‌ وێستگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی چاره‌سه‌ركردن و یه‌كلایكردنه‌وه‌یان.
هێزه‌كانی پاراستنی ئارامیی و ئاسایشی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانیدا؛ بێلایه‌نانه‌و خۆنه‌یستانه‌و یاساییانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌؛ ئه‌ركه‌كانی خۆیان جێبه‌جێده‌كه‌ن و زه‌مینه‌و ده‌رفه‌تی هاوبه‌ش و پارێزراو بۆ هه‌موو ده‌نگده‌ران زامنده‌كه‌ن، به‌هیچ جۆرێك له‌و ئه‌ركانه‌ لاناده‌ن كه‌ بۆیان دیاریكراوه‌و به‌شێك نابن له‌ فشارو ئاراسته‌كردنی ده‌نگده‌ران و پارێزه‌ری پرۆسه‌كه‌و یاساو ڕێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی ده‌بن.
داوا له‌ هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌ین هاوكارو پشتیوانی كۆمسیۆن بن بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌و ئاسته‌نگ بۆ كاره‌كانیان دروستنه‌كه‌ن.
داوا له‌ هه‌موو کاندید و لایه‌ن و قەوارەیەک ده‌كه‌ین به‌ گیانێكی نیشتمانیانه‌ی به‌رپرسیارانه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ سه‌ربخه‌ن.
لێره‌وه‌ هه‌موو هاووڵاتیانی به‌ڕێزو قه‌واره‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ خۆیان له‌ هه‌ر ته‌قه‌كردنێكی خۆشیی و هه‌وڵی یه‌كتر بزواندن و گوزارشتكردنێكی نامه‌ده‌نیانه‌ بپارێزن.
لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌توندیی ڕووبه‌ڕووی هه‌ر سه‌رپێچیی و لادان و ته‌قه‌كردن و تێكدانێكی ئارامیی و ئاسایش ده‌بنه‌وه‌.
ئومێدده‌كه‌م به‌شداریكردنتان ببێته‌ مایه‌ی سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌و ئیلهامی سه‌ركه‌وتنێكی وامان پێببه‌خشێت كه‌ له‌ ئێستاوه‌ پیرۆزبایی له‌ هه‌مووتان بكه‌ین وبیکەینە‌ ده‌رفه‌تی پته‌وكردنی ئیراده‌و وتارو ئامانجی نیشتمانیمان و كۆتایی به‌ بارودۆخه‌ ناله‌باره‌كانی ڕابردوو بهێنین.
شادو سه‌ركه‌وتووبن..
د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
پارێزگاری سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button