لیژنەی دارایی پەرلەمان: لە چوار ڕۆژی داهاتوودا دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت

  لڤین:

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق دەدات، چاوەڕوانیش دەکرێت لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پشکی هەرێم لەبودجەدا یەکلایی بکرێتەوە.

هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە میدیای فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە لیژنەکەیان کارەکانی داڕشتنەوەی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی تەواو کردووە ئەوەش دوای وەرگرتنی لە ١٠ی مانگی ڕابردوو.

ئاشکراشیکردووە کە لیژنەی دارایی ٤٦ کۆبوونەوەی زیاد لە ٥٠٠ کاتژمێری بە میوانداری ٣٢٣ کەس لە وەزیر و شارەزا و بەرپرسان لە کەرتی حکومی و تایبەت ئەنجامداوە، ئەوەشیخستوەتەڕوو کە لیژنەی دارایی کورتهێنانی بودجەکەیان لە ٧٧ ترلیۆنەوە هێناوەتە سەر ٢٦ ترلیۆن دینار و خەرجی گشتیشیان لە بوودجەکەدا کەمکردووەتەوە و وەبەرهێنانیان لە ١٦٪ وە بەرزکردووەتەوە بۆ ٢٤٪، ئەوە جگە لە تەرخان کردنی پارە بۆ ئەو پرۆژانەی لە پارێزگاکاندا ڕاگیراون.

سەبارەت بە پرسی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، جبوری ڕایگەیاندووە، لیژنەی دارایی مامەڵەی تەکنیکی و پیشەیی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا کردووە دوور لە چاوی لایەنە سیاسییەکان، هەروەها ڕایگەیاندووە کە بۆ یەکەمجارە توانراوە دەزگای چاودێری دارایی حکومەتی ناوەند و هەرێم تێکەڵ بەیەک بکرێن و پێداچوونەوە بە هەموو داتاکاندا بکرێتەوە.

سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاشکراسیکردووە کە دوای یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە پەرلەمان دەنگ لەسەر بودجەی 2021 دەدرێت.

لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی ڕایگەیاندووە کە “هەموو بابەتەکانی ناو پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 تەواو بوون جگە لە پشکی هەرێم کە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا جێگیر دەکرێت و دەخرێتە پڕۆژەیاساکەوە”.

دەشڵێت، “لایەنە شیعییەکان کێشەیان لەگەڵ پشکی هەرێم هەبووە، لە ئێستادا دانوستانەکان بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت لە 48 کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button