سیستمی کارەبا لە هەرێم بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

لڤین:

وەزارەتی کارەبا گرێبەستێکی لەگەڵ دوو کۆمپانیا واژۆکرد بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی سێکتەری کۆنتڕۆڵی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک ڕایگەیاند،” کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا گرێبەستێکی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی سکادا لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ستێر و کۆنترۆڵ ماتیک واژۆکرد، پرۆژەکە بە تێچوونی 37 ملیۆن و 982 هەزار دۆلار لە ماوەی 900 رۆژدا جێبەجێدەکرێت”.

ئاماژە بەوەیشدراوە،” پرۆژەی سکادا بۆ بەڕێوەبردن و کارپێکردنی سیستەمی کارەبای هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا بەکاردێت ( سێکتەری کۆنتڕۆڵی کارەبا )”.

هەر لە بارەی ئەو گرێبەستەوە ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا رایگەیاندوە، “ئەو گرێبەستەی واژۆکرا یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کە لە رێگەیەوە هەموو داتا و زانیارییەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا  کۆدەکرێتەوە و دەچێتە کۆنترۆڵ و زانیارییەکان لەوێ ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button