رێگای کەمەربەندی سۆران بەڕوی ھاوڵاتیاندا کرایەوە

لڤین:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەرێم، دوای چارەسەرکردنی درزی لاتەنیشتی رێگای باپشتیان لە نێوان ھەردو قەزای سۆران و رواندز، رێگاکە بەڕوی ھاوڵاتیاندا کرایەوە.

لەراگەیەنراوێکدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەرێم، کە ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ) بڵاویکردوەتەوە ڕایگەیاندوە،” دوای چارەسەرکردنی درزی لاتەنیشتی رێگای باپشتیان لە نێوان ھەردو قەزای سۆران و رواندز، رێگاکە بەڕوی ھاوڵاتیاندا کرایەوە”.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” لەمانگی تەمموزی رابردو بەشێک لە رێگاکە درزی بردبو ئەوەش مەترسی بۆ ھاوڵاتیان و داڕوخانی رێگاکەی دروستکردبو، دواتر بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، کاری بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەنجامدرا”.

هەروەها هاتوە،” دوای نزیکەی (٥٠)رۆژی کاری بەردەوام، توانرا بەشێوەی ئەندازەیی سەردەم رێگاکە چاکبکرێت و دوای نەمانی مەترسی، ئێستا بەڕوی ھاوڵاتیان و شۆفێراندا کراوەتەوە”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” بودجەی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابینکراو لەلایەن ھەردو بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی ھەولێر و سۆرانەوە جێبەجێ کرا”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button