فەلسەفەی ئەخلاق و دفع الافسد بالفاسد

بەرگریەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کردەی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ بەپێ ی قاعیدە فیقهیەکەی شیعەی ئیمامی ( دفع الافسد بالفاسد ) دەبێت ڕامانگرێت لەسەر تێگەیشتنی سیاسی کوردی بۆ ئەخلاق .
پرسی ئەخلاق لە بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیدا یەکێکە لە هەرە باسە سەرەکیەکانی فەلسەفە . لە ئەریستۆوە تا کانت و نیتچە و برتراند رسل و فلیپا فوت ، بەدرێژایی مێژووی فەلسەفە شایەنی لێکۆڵینەوە و تێڕامانە . لە سەرجەم ئایین و فیقهەکانیشیدا ئەخلاق ڕووبەرێکی فراوانی گرتووە . زۆرێک پێیان وایە ئەگەر ئایین خۆی ئەخلاق نەبێت ، فیقهەکانی لەپێناو دیاریکردنی ئەخلاقدا پەیدابووە .
لە فیقهی ئیسلامدا ( بەشیعە و سونەوە) ئەخلاق لەنێوان دیاریکردنی خراپ و خراپتردا بەوەی کامیان جوانە و کامیان دەبێتە ناشیرین سەدان ساڵە مایەی مشتومڕە . لە فیقهی سونەدا ئیشکالیەتی ( درء المفاسد مقدم على جلب المصالح) ە . واتە دورکەوتنەوە لە خراپەیەک ئەگەر باشەش بوو . لە ئیبنوئیمیەوە تا ئیبنوباز ئەم پرسە قسەی لەسەر دەکرێت . بۆنمونە کەسێک نەخۆشە و هەڵگری ڤایرۆسی کرۆنایە ، لەهەمان کاتدا هاوکاریکردنی و بەسەرکردنەوەی بەپێ ی ئەخلاق ، پێویستی یە . هاوکاری جلب المصالح و باشەیە ، بەڵام بۆئەوەی نەخۆشیەکە بڵاونەبێتەوە ، پابەندنەبوون بەئەخلاقەوە ( سەردان نەکردنی ) بەپێ ی قاعیدەی درء المفاسد ، باشترە .
ئەم قاعیدەیە ئیشکالیەتی زۆری بۆ فوقەهاکان دروستکردووە . چونکە هەندی مەفسەدە ( خراپە) هەیە بەگومان یان ئەگەر دادەنرێت . هەڵبژاردن لەنێوان گومان لە خراپەیەک و باشەیەکدا ، بەلای گومان لەخراپەکەدا دەیشکێننەوە . پێ ی وایە چونکە گومان هەیە دەبێت لێ ی دوور بکەوینەوە . لە فیقهی سونەدا لەپێناو درء المفاسددا ، گەلێک کردە لەسەر گومان لەدژی ئەوانی تردا ئەنجام دراوە کە دڵنیانەبوون لەتاوانبار ، بەڵام بۆئەوەی بە ئەگەر خراپەکە ڕوونەدات ، کەسەکەیان فەوت کردووە .
لە فیقهی شیعەدا ( دفع الأفسد بالفاسد ) واتە بەخراپەکردنێک ، خراپەیەک لەناو بەریت ، زۆرترین ناکۆکی نێوان مەرجەعەکانی شیعەی لەسەرە . چونکە ڕێگە دەدات بە ئەنجامدانی خراپەیەک گوایە لەپێناو کۆتایی هێناندایە بە خراپە . ئەمەش ئەو گرێکوێرەیە کە فلیپافوتی فەیلەسوفی ئەخلاق بە دیلاما( معضلە) ی قیتارەکە ناساندویەتی .
فلیپا نمونەی ئەو مرۆڤە دێنێتەوە کە ئیختیاری گۆڕینی هێڵی شەمەندەفەرێکی لەبەردەستدایە . شەمەندەفەرێک بەخێرایی دێت و لەسەر هێڵەکەی لەلایەک کۆمەڵێک کەس ڕاگیراون و بەژمارە زۆرن . لەولاشەوە لەسەر هێڵی دووەم تەنیا یەک کەس ڕاگیراوە . بەهەرکامیاندا شەمەندەفەرەکە بڕوات کوشتن ڕوودەدات .
لێرەدا ئەخلاقی ئەو کەسەی ئیختیاری گۆڕینی هێڵەکەی بەدەستە ، دەکەوێتە قورسترین تاقیکردنەوەوە . ئایا چاو دەپۆشێت شەمەندەفەرەکە بەردەوام بێت ژمارە زۆرەکە بکوژێت ؟ یان هێڵەکەی دەگۆڕێت بە ئاڕاستەی یەک کەسەکەدا ؟ئایا بەلایەوە باشترە یەکێک بمرێت باشترە لە ژمارەیەکی زۆر ؟ بەپێ ی فیقهە شیعی و سونی و پارتیانەکەبێت دفع الأفسد بالفاسد ، لابردنی خراپەیەکی زۆر بە خراپەیەک ، ئەخلاقی ئەو کەسەی گۆڕینی هێڵەکەی بەدەستە دەبێت یەک کەسەکە بکات بەقوربانی زۆرینەکە .. بەڵام هێشتا ئەوەش تاوانێکی گەورەیە . چونکە وەک فلیپا باسی کردووە ، ئەو هێڵ گۆڕینە بە هاندانی هەر ئەخلاقێك بێت ، دەکاتە بڕیاردان لە کوشتنی ئارەزوومەندانە ( قتل متعمد) بەپێ ی یاسا دەبێت سزا بدرێت نەوەک خەڵات و پاداشت .
بەهانە هێنانەوە بۆ هەر کردەیەکی خراپە لە فەلسەفەی ئەخلاقدا ، ناکاتە بێبەری بوون لەهەڵە . چونکە دابەشکردنە ئەخلاقیەکان لە نێوان خراپ و خراپتردا نی یە ، بەڵکە لە نێوان باش و خراپ ، جوان و ناشیرین ، هەڵە و ڕاستیدایە . یەکێک لەوانە پلەکانی دیاری دەکات . نەک وەک ئەوەی دەڵێن خراپێک باشترە لە خراپتر .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button