لە ماوەی دوساڵدا بای ١٣٠ هەزار دۆلار ئۆتۆمبێل بۆ بریکاری وەزیرێکی حکومەتی هەرێم دەکڕێت

لڤین:

وه‌زیرى وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان، داواى كڕینى ئۆتۆمبێلێك بۆ بڕیكارى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ده‌كات به‌بڕى 94 ملیۆن دینار، له‌كاتێكدا ساڵى ڕابردوو بۆ هه‌مان ئه‌وكه‌سه‌ ئۆتۆمبێلێك به‌بڕى 70 هه‌زار دۆلار كڕدراوه‌.

به‌گوێره‌ى نوسراوێكى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان كه‌ واژۆى عه‌بدوڵڵاى حاجى مه‌حمود وه‌زیرى شه‌هیدانى له‌سه‌ره‌و ڕۆژى ( ٢٣ى ٨ى ٢٠٢١ ) ده‌رچوه‌، داواى كڕینى ئۆتۆمبێلێك بۆ بریكارى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ده‌كات به‌بڕى زیاتر لە ( ٩٤ ) ملیۆن دینار.

له‌و نوسراوه‌دا هاتوه‌، “ئاماژه‌ به‌نوسراوى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تى دیوان (٢٤٧٥ لە ٤ ی ٨ ى ٢٠٢١ )، ڕه‌زامه‌ندیتان به‌خه‌رجكردنى بڕى ( ٩٤ ملیۆن‌و ٥٠٠ ) هه‌زار دینار به‌مه‌به‌ستى كڕینى ئۆتۆمبێلێكى جۆرى لاندگرۆزه‌ر”.

ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، “ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بۆ به‌ڕێز بریكارى وه‌زاره‌تمان بڕى پاره‌كه‌ش خه‌رجبكرێت له‌سه‌ر بودجه‌ى دیوانى وه‌زاره‌تمان به‌پێى ڕێنماییه‌ كارپێكراوه‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆمپانیاى جیهان ڕاسپێردراوه‌ به‌دابینكردنى”.

ئه‌و نوسراوه‌ له‌كاتێكدایه‌، ساڵى ڕابردوو به‌نوسراوێكى دیكه‌ ئۆتۆمبێلێكى دیكه‌ له‌جۆرى لاندگرۆزه‌ر به‌بڕى ٧٠ هه‌زار دۆلار كڕدراوه‌و ئه‌مساڵیش داواى كڕینى ئۆتۆمبێلێكى دیكه‌ى بۆ كراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ى ده‌گاته‌ زیاتر له‌ ٦٠ هه‌زار دۆلار.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button