بەڵگەنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەفغانیانەی یارمەتی ئەمەریکایان داوە چڕدەکاتەوە

لڤین:

فرانس پرێس، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی نهێنی نەتەوە یەکگرتووەکان تاڵیبان گەڕانەکانی بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی ناتۆدا کارییان کردووە چڕتر کردۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنیان داوە تۆڵە لە دوژمنەکانیان نەکەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە هەواڵیکدا ئاماژەی بەوە کردوە کە بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی نهێنی نەتەوە یەکگرتووەکان،بەڵگەنامەکە کە لەلایەن ڕاوێژکارانی خەمڵاندنی هەڕەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادە کراوە دەڵێت تاڵیبان ” لیستێکی سەرەکی ” ئەو کەسانەی هەیە کە دەیەوێت دەستگیرییان بکات.

لە هەواڵەکەدا هاتوە،” بەگوێرەی بەڵگەنامەکە زۆرێک لەوانەی لە لیستەکەدان ئەو ئەفغانیانە دەگرێتەوە کە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە سوپای ئەفغانستان و پۆلیس و یەکەکانی هەواڵگریدا”.

ئاماژە بەوەیشدراوە،” تاڵیبان ” دەرگا بە دەرگا ” گەڕاوە بۆ ئەو کەسانە و خێزانەکانیشیان تاوەکو دەستگیرییان بکات”.

لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا هاتوە،” چەکدارانی تاڵیبان خاڵی پشکنینیان لەسەر ئەو ڕێگایانە داناوە کە دەچنەوە سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ و هەروەها لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی دیکەشی وەکو جەلالئابادیش خاڵی پشکنینی لەو جۆرەیان داناوە”.

سەبارەت بە بەڵگەنامەکە لە هەواڵەکەدا هاتوە،” بەڵگەنامەکە لەلایەن ناوەندێکی نەرویجی بۆ شیکارییە جیهانیەکان نوسراوەتەوە، کە ڕێکخراوێکە زانیاری هەواڵگری بۆ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین دەکات”.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە کریستیان نێڵمان بە فرانس پرێسی وت ” ئەوان خێزانەکانی ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە ڕەتی دەکەنەوە خۆیان بدەن بە دەستەوە، هەروەها دەستگیرییان دەکەن و بەپێی یاسای شەریعەت سزای خێزانەکانیان دەدەن”.

بەڕێوبەرەکە بە ئاژانسەکەیشی وتوە،” پێشبینی ئەوە دەکەین سەرجەم ئەو کەسانەی کە پێشتر لەگەڵ ناتۆ و هێزەکانی ئەمەریکادا کارییان کردووە و ئەندامانی خێزانەکانیشیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان یاخود لەسێدارەدان ببنەوە”.

ئاماژەی بەوەیشداوە، ” ئەمە دەزگاکانی هەواڵگری ڕۆژئاوا زیاتر دەخاتە مەترسییەوە، تۆڕەکانیان و شێوازی کارکردنیان و توانایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان و داعش و هەڕەشەی گروپە تیرۆریستیەکانی دیکەش”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button