لە بارەی تەمەنی خانەنشینیەوە وەزارەتی دارایی رێنماییەکی بڵاو کردەوە

لڤین:

وەزارەتی دارایی، کار بەو تەمەنە دەکرێت کە لە کاتی دامەزراندنی فەرمانبەرەکەدا چەسپاوە و هەر راستکردنەوەیەک کە دواتر بکرێت، کاری پێناکرێت.

لە رێنماییەکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە، تێیدا هاتووە،” پاڵپشت بە ماددە ( ٢٥ )ـی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە ( ٢٧ )ـی ساڵی ( ٢٠٠٦ ) ، چەسپاندنی تەمەنی راستی فەرمانبەر، یان خانەنشینكراو لەسەر ئەو بەڵگەیە دەبێت كە پێی دادەمەزرێت، یان تەمەنی دەچەسپێت”.

لە ڕێنمایەکەی وەزارەتدا هاتووە،” كار ناكرێت بە هیچ راستكردنەوەیەكی دادی، یان كارگێڕی كە لە پاشان دەردەچێت”.

حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا رایگەیاندوە،” كاتێك فەرمانبەرێك دادەمەزرێت لەگەڵ بەڵگەكانی دامەزراندن چەسپاندنی تەمەنی بۆ دەكرێت، ئەو تەمەنەی كە چەسپێندراوە كە رۆژ و مانگ و ساڵ دەگرێتەوە، بەپێی ئەوە بۆ خانەنشینییەكەی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و دواتر هیچ دەستكارییەک قبووڵ ناكرێت”.

هەروەها ئاشکرایشی کردووە،” ئەمساڵ ئەوانەی خانەنشین دەبن، لەدایكبووانی ساڵی ( ١٩٥٨ )ـن و “ئەگەر كارمەندێك ٦٣ ساڵی خۆی تەواو بكات، دەبێت مامەڵەی خانەنشینیی بۆ بكرێت، بە پێچەوانەوە هەر پارەیەكی زیادە وەربگرێت بە نایاسایی ئەژمار دەكرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button