رێواز فایەق: وتارەکەی سەرۆک کۆماری ئێران سەنگین و ئەرێنی بوو

لڤین:
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگەیاند، وتاری سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لە ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا وتارێكی سه‌نگین و ئه‌رێنی بوو.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه نه‌سڕوڵڵا ڕه‌شنوودی، سه‌ركونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سه‌ردانی ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد له دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به گرنگییه‌وه باسی له‌و پێشوازییه گه‌رم و مێواندارییه جوانه كرد كه له مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی ئێران ئیبراهیم ڕه‌ئیسی لێیان كراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە سه‌رۆكی په‌رله‌مانی کوردستان وتاری سه‌رۆك كۆماری ئێرانی بە “وتارێكی سه‌نگین و ئه‌رێنی” وەسف کردووە و هیوای خواست ئه‌م دید و تێڕوانینه‌ی كه له وته‌كه‌یاندا به‌دیكرا، به‌كرده‌یی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و ناوچه‌كه به‌گشتی.
هاوکات لای خۆیه‌وه نه‌سڕوڵڵا ڕه‌شنوودی، سه‌ركونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆى به به‌شداریی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆك كۆمارى ئێران، باسی له په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان كۆمارى ئیسلامیی ئێران كرد و هیوای خواست كه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانیش ڕِه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ.