ئاستەنگی بەردەم پڕۆژەکانی سلێمانی ئاشکرا دەکرێت

لڤین:

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناوەندی بانکی سلێمانی ئاستەنگ دروست دەکرێت بۆ ئەوەی بەڵێندەرانەی پێشینەکانی خۆیان وەرنەگرن و پڕۆژەکان پەکیان بکەوێت.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەمڕۆ ( یەک شەممە، ١٥ی ئابی ٢٠٢١ ) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،” نایشارینەوە نیگەرانم لەوەی کە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژیمان هەیە وەک دووسایدی ڕێگای نێوان پارێزگاکان، بەسوپاسەوە بۆ ئەو بەڵێندەرانەی پڕۆژەکان کە دوای ئەوەی رامانسپاردن بەردەوام بوون لەکارکردن، بەڵام بەداخەوە ئاستەنگێک دروست دەکرێت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناوەندی بانکی سلێمانی بۆ ئەوەی وەک پێویست بەڵێندەران پێشینەکانی خۆیان وەرنەگرن، لەکاتێکدا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایشیان هەیە”.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا وەزیری ئاوەدان کردنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، “من لێرەوە داواکارم بەزوترین کات ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن و بەڵێندەران پێشینەکانیان وەربگرن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان”.

هەروەها ئاشکرایشیکرد،” ئەم پەیامەم بە ئێوەش گەیاند، چونکە چیتر ئەمە مایەی قبوڵ نییە و پێویستە بەڵێندەران پێشینەکانیان وەربگرن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان بەباشترین شێوە، چونکە ئێمە پلانمان وەها داناوە کە لە کۆتایی ساڵی داهاتو رێگا دوسایدییەکانی نێوان پارێزگاکان تەواو بکەین.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button