وادەی رەوانەکردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە لە بەغداوە بۆ هەرێم راگەیەنرا

لڤین:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ ئەم مانگە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و بڕیارە لە 25ی ئابدا پارەکە بگاتە بانکەکانی هەرێم.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، ” لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەکۆی دەنگ بڕياردراوە، کە بۆ ئەم مانگە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت”.

ئاماژەی بەوەیشداوە،” بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە، لە ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی بەغدا کراوە و بڕیارە لە ٢٥ ی ئابدا پارەکە بگاتە بانکەکانی هەرێم”.

هەروەها جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاندوە،” تا کاتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە، بەغدا مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکات”.

ئاشکرایشی کردووە،” ئەگەر هەڵبژاردنى پیشوەختە ئەنجام نەدرێت تا کاتى دانانى پرۆژە یاساى بودجەى ٢٠٢٢ ناردنى ئەم بڕە پارەیە لە بەغداوە بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button