دیسانەوە گیراوەکانی بادینان

دوێنی، ڕۆژی شەمە، ڕێکەوتی ٧ ی ئابی ٢٠٢١،  تیمی پارێزه‌رانی زیندانیکراونی بادینان لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرایانکرد کە ‌ ڕۆژنامەنوس و چالاکەوانە ده‌ستگیركراوه‌كانی بادینان ھەم ”ئه‌زیه‌تی زۆر“ ده‌درێن و ھەم  ”فشاریێکی زۆریان خراوەتەسەر“. ھاوکات مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان بەرامبەر دەکرێت و مافە ھەرە سەرەتاییەکانیان پێشێلدەکرێت. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ” بارودۆخی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی کارمەندانی ئیدارەی زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر لەگەڵ سزادراوانی بادینان لەو پەڕی خراپیدایە و دورە لە هەمو بەها ئینسانییەکان و هیچ رەچاوی مافەکانی زیندانیانیان لەگەڵ ناکرێت“. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت ”هیچ بیانوویەک نییە بۆ هێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش“ لە ھەولێر و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا دەکرێت، بە پێی یاساکانی ھەرێم خۆشی تەواو نایاسایی و نائینسانییە. تیمی پارێزەرەکان داوای بەپیرەوەچونیی بەیاننامەکەیان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بەیاننامەکەیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، فراكسیونه‌ جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

یاداوەریی دانیشتوانی ئەم ھەرێمە لەگەڵ ئەم سیستمە سوڵتانییە حوکمڕانەدا یاداوەرییەکی بریندارە. پڕیەتی لە تاوان و بێڕێزیی فرەجۆر، لە پێشێلکردنی ڕۆژانەی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لە شکاندنێکی سیستماتیک و بەردەوامی کەرامەتی ئینسانی ئەم دەڤەرە. دەیان و سەدان نموونە ھەن نیشانی ئەدەن ئەم کۆمەڵگایە لەبەردەم جۆرێک لە حوکمڕانییدایە کە سەرجەمی کۆمەڵگاکە وەک موڵکی شەخسیی خۆی دەبینێت و ھەموو دانیشتوانەکەشی بە بارمتە گرتوە، ھەرچیەکیشی لە توانادابێت بۆ بەردەوامیدان بەم موڵکایەتییە تایبەتە و بەم توانای بە بارمتەگرتنە، ئەنجامیئەدات. ئەوەی بەرامبەر بە دەستگیراوەکانی بادینان دەکرێت ھەڵقەیەکی تازەی ئەم سیاسەتی بەردەوامیدانەیە. ئەوەی دەیبینین نمایشی دەسەڵاتە بۆ تواناکانی زەلیلکردن و ئیھانەکردنی کۆمەڵێک لە ھاوڵاتییەکانی. ھاوڵاتیانێک، ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزایانی بواری یاسایی، لەناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا، باس لە بێتاوانیی ئەوان و نەبوونی بەڵگە بۆ سزادانیان دەکەن. خودی گرتنەکەیشیان وەک کردەیەکی بە مەبەست و وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوەی شەخسیی دەناسێنن. ئەم نمایشە نوێیە بۆ نیشاندانی تواناکانی ئیھانەکردن، نمایشێکە ھەم  بە بەرچاوی سەرجەمی ھێزە سیاسییەکانی ناو کوردستان و ھەم  بە بەرچاوی دونیای دەرەوەی کوردەوە ئەنجامئەدرێت. چەندین ڕێکخراوی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ و چەندین گروپی بەرگریکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی جیھانی، چەندان ھێزی سیاسیی گەورەی دونیا، لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم نمایشکارییە ترسناک و وێرانکەرن. بەڵام ئەوەی دەیبینین بێباکیی تەواوی سیستمە سوڵتانیەکەیە بەرامبەر بە سەرجەمی ئەم ناڕەزایاتییانە و مامەڵەکردنیانە وەک نەبوویەک. ھەمووشی لەژێر ناوی دروشمێکی کۆمیدیی و ساختەدا کە ناوی ”سەربەخۆیی دادگا“ و ”بێلایەنی دەزگاکانی حوکمڕانیی“ لێنراوە.

لە پشتی ئەم بێباکییە نابەرپرسیار و ئەم فۆرمە لە کەلەڕەقیی سیاسیی و نەفسیی خۆکوژانەوە، عەقڵیەتێک ئامادەیە باکی بە وێرانبوونی وڵاتەکە و وێرانبوونی ژیانی سەرجەمی دانیشتیوانەکەی، نییە.  ئەوەشی لە ھەرێمدا حوکمڕانە تەنھا فۆرمێکی ترسناک لە کۆنترۆکردنی دەزگایی و سەربازیی و ئەمنیی و حیزبیی وڵاتەکە نییە، بەڵکو جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیای نارسیستیی تەواو نەخۆشیشە، کە جگە لە خواستە سەرەتایی و مەیلە سادیستییەکانی خۆی، شتێکی تری پێنییە، ئاراستەی فۆرمی حوکمڕانییەکە بکات. درێژەدان بەم ئیھانەکردنە ئاشکرا و بەردەوامەی ئەمڕۆکە و پێشێلکردنی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، تێکەڵ بە کەڕبوونێکی سەرتاسەریی بەرامبەر بە سەرجەمی ناڕەزایاتییە ناوەکیی و دەرەکییەکان، ئەو مەترسیی و ستراتیژە ترسناکەیە یەخەی ئەم ھەرێمە و مرۆڤەکانی ناوی گرتوە. چۆنیەتی مامەڵەکردنی کەیسی دەستگیراوەکانی بادینان نموونەیەکی بەرجەستەی چۆنیەتی مامەڵەکردنێکی تەواو نابەرپرسیارانەیە، کە مەترسییەکانی بەزۆر مانا لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر نییە. مێژووی سەدەی بیستەم نیشانیداین کە زۆرجار ڤایرۆسی سیاسیی زۆر لە ڤایرۆسی بایۆلۆژیی ترسناکتر و کوشندەترە.

 

تایبەت بە درەو نوسراوە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button