بەرگریی لە کەمپینی ”ناوی من ناوی دایکمە“

ناشیرینکردنی کەمپینی “ناوی من ناوی دایکمە” بەشێکە لەو پەلامارە بەردەوامانەی لە وڵاتی ئێمەدا دەبرێتە سەر ھەر شتێک ھەڵگری بڕێک لە جوانیی و شتێک لە ئینساندۆستیی بێت.
ساڵانێکە لەو وڵاتەدا ھێزگەلێک پەروەردەئەبن جگە لە ناشیرینکردنی ژیانی خەڵک و ناشیرینکردنی دەرکەوتە جیاوازەکانی مرۆڤبوون کارێکی دیکەیان نییە. جارێک بەناوی دین و جارێک بەناوی ئەخلاق و جارێکیتر بە ناوی ”ئادابی گشتیی“یەوە، جارێکیتر بەناوی نەتەوە و نیشتیمان و پیرۆزی ئەم یان ئەو سەرکردەوە، پەلاماری ھەموو ئەوانە ئەدەن لە دەرەوەی لۆژیک و تێگەیشتنی ئەواندا بیردەکەنەوە و دەژین. .پەلاماری ئەم جارە بۆسەر کەمپینی ”ناوی من ناوی دایکمە“ دوو ھێز لەو ھێزانە بەڕێوەی دەبەن.
یەکەمیان ئەو پیاوسالارە تەقلیدیانەن کە پیاوەتی خۆیان بەسەرەتا و کۆتایی بوونی ھەمووشتێک دەزانن و پیاوسالارییش وەک تاقە فۆرمی مرۆڤبوون دەناسن و قبووڵدەکەن.
دووھەمیان بڕێکی زۆرە ھێزە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە کە بەشێکی بەرچاویان دینیان گۆڕیوە بۆ ڤایرۆسێکی کوشندە، پەلاماری ھەمووشتێک ئەدات لەگەڵ زەوق و تێگەیشتنی ئەواندا بۆ دین نەگونجێت.
من وەک مرۆڤێک چەندە ناوم مەریوان وریا قانع ە، ھێندەش ناوم مەریوان ناھیدە ئەحمەدە. ھەردوو ناوەکە بەشێکی گرنگیی شوناسی منن. ھەر کەسێک ئەم جۆرە ڕاستییە سادانەی پێ قبووڵ نییە و کێشەی لەگەڵەدا ھەیە، جا چ بە ناوی پیاوسالارییەوە بێت یان بە ناوی دینەوە، کێشەیەکی گەورە لە بیرکردنەوە و ڕوانین و تێگەیشتنیدا ھەیە.
وێنەکە: دایکم و باوکم و من.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button