قۆناغی بەتەختە و بلۆکبوون

ھەموو ئەو حوکمڕانیانەی گەیشتونەتە قۆناغی چەقبەستن و بەتەختەبوون، ئەوانەی بە ساتەوەختی بەبلۆکبوون گەیشتون ھیچ توانایەکی کارلێکردنیان لەگەڵ دەوروبەریاندا نەماوە، سەرەتا بەناو مێژوویەکی درێژی گوێنەگرتن و نەبیستن و نەبینیندا تێپەڕیون. بە جۆرێک ئیتر ھیچ توانایەکی گوێگرتنیان نەماوە، ناتوانن ببیستن و ببینن، بەرسڤیان بەرامبەر بە دەوروبەریان مردوە. نە دەنگی ناوەکیی دەبیستن و نە دەنگی دەرەکیی. منێکی نارسیستیی و ئەنانی نەخۆشیش سەرجەمی شتەکان ئاراستەدەکات و وەک سایکۆلۆژیای دەسەڵات کاردەکات.
ئەم جۆرە حوکمڕانییە پێشتر بەناو قۆناغێکی دوردرێژیی نابەرپرسیاریەت و مێژوویەکی درێژی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتدا تێپەڕیوە. کەڵەکەبوونی ئەو شتانە بەسەریەکەدا تووشی ئیفلیجییەکی بونیادیی و سایکۆلۆژیایەکی وێرانکەری، کردوە. زۆرجار ئەوەی بەدەستی ئەم جۆرە لە حوکمڕانان و ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانییەوە ماوەتەوە ھێزە، ھێزی ڕووت، ھێزی چەک و ھێزی پارە و ھێزی ترس. بەرھەمھێنانی زوڵمی بەردەوام ئاکار و شوناسی ھەرە سەرەکیی ئەم فۆرمە تایبەتەی ھێزە. ھێزێک لە دواھەمین دەرکەوتیدا میلیشیای تایبەت دەیپارێزێت. ئەم جۆرە حوکمڕانییە تەنھا یەک زمان دەزانێت کە زمانی توندوتیژیی و فشار و سوکایەتیکردنە، زمانی بێنرخکردنی ھەمووشتێکە جگە لە ھێزی ڕووت خۆی. تەنھا توانای گوێگرتنی لە ھاوڵاتیان و دەنگەکانی ناوخۆ و دەرەوەی لەدەستنەداوە، بەڵکو سەرجەمی ئەو پرنسیپانەشی ژێرپێ ناوە کە وادەکەن حوکمڕانیی نەبێتە دوژمنی ژمارە یەکی کۆمەڵگاکەی خۆی.
زۆرجار حوکمڕانییەک کە توانای بیستن و بینینی ھەیە و دەتوانێت وەڵامێکی ئەخلاقیی بە دەنگ و وێنەکانی دەوروبەری بداتەوە، سەر بەو فۆرمانەیە لە حوکمڕانیی کە لەیەککاتدا ھەم دەربڕی ئیرادەیەکی چاکەکارن، ھەم نوێنەری ئیرادەیەکی بەرپرس. چاکەکاریی و بەرپرسیارێتیی دوو دەرکەوتی تایبەتی ئەو جۆرە لە حوکمڕانیین، کە دەبیستێ و دەبینێ و گوێدەگرێت. ئەوەی لە ھەرێمە شێواوەکەی ئێمەدا ھەیە، دابڕانی سەرتاسەریی حوکمڕانییەکەیە لە ھەردوو ڕەھەندە سەرەکییەی حوکمڕانیی: ئیرادەیەکی چاکەکار و ئیرادەیەکی بەرپرسیار.
بەڵام ئەم دۆخە بەرە و کوێ و چیمان دەبات؟ لەدەستدانی توانای بیستن و بینین و وەڵامدانەوە چی دروستدەکات؟ ئەم فۆرمە لە حوکمڕانیی لە ئاستی کورتخایەندا ھەموو پەیوەندییەکی پۆزەتیڤ لەگەڵ ئەو ژینگە ناوەکییەدا وێراندەکات کە تیایدا ئامادەیە و بەڕێوەیدەبات، ھەروەھا ھەمان کارەسات لەناو ئەو ژینگە دەرەکییەشدا دروستدەکات کە پەیوەندار و پەیوەستە پێیەوە. ھەرچی نەبوونی بەرپرسیارێتیە دەرەنجامەکانی لە ئاستی دوورخایەندا وێرانکەرا و ترسناک دەبێت، لە ئاستی دوورخایەندا گۆڕ بۆ خۆی و بۆ ئەو کۆمەڵگایەش ھەڵدەکەنێت کە بەڕێوەیدەبات.
ئەو شانۆگەرییە بێلەزەتەی بەرامبەر بە گیراوەکانی بادینان ئەنجامدرا، ھەڵگری ھەردوو ڕەھەندە کورتخایەن و درێژخایەنە کارەساتئامێزەکەیە. ئەم تاوانە بۆ جاری سەدەم نیشانیداین ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتێکداین ژیانی ھاوڵاتییەکانی خۆی تەواو بێنرخ و بێبەھا دەبینێت و شتێکیش بەناوی ئیرادەی چاکەکاریی و ئیرادەی بەرپرسیاریەتەوە، ناناسێت. لە دۆخێکی لەم بابەتەدا، وەک ئانتۆنیۆ گرامشی دەڵێت، دەسەڵاداران تتەنھا یەک دەرچە لەبەردەم کۆمەڵگادا دەھێڵنەوە: شەڕی دەستەویەخە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button