لە یادی دووسەد ساڵەی لەدایکبوونی مارکس دا

(١-٢)
”ئێمە“ ھەموومان سەردەمانێک مارکسیی بووین. کە باس لە ”ئێمە “دەکەم باس لە بەشێک لەو نەوەیە دەکەم کە لە ساڵانی شەستدا لەدایکدەبن و لە ھەفتاکاندا ھۆشیاریان بە ڕووی دونیادا دەکرێتەوە. لە کوردستاندا ئەو ڕۆژگارە لە ڕووی سیاسییەوە ڕۆژگاری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و سەردەمی ئۆرگانە چەپەکانی تر بوو. لەناو عێراق خۆشیدا پارتی کۆمۆنیستی عێراق (حیزبی شیوعی عێراق) بە فەرمی بوونی ھەبوو، چەندان ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی ھەبوو، لە بەغدای پایتەختدا کتێبخانەیەکی تایبەتیان ھەبوو بە پارەیەکی کەم ئەدەبیاتی مارکسییان تیادا دەفرۆشت، ڕۆشنبیر و نووسەرە کۆمۆنیستەکانی سەر بەو پارتە چالاکبوون و کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆربەجۆریان ڕێکدەخست، تا سەدام حوسەین لە ساڵی ١٩٧٩دا، یاساغیکردن و زۆریانی گرت و ڕاونا و کوشت. پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە کوردستانیشدا چالاکبوو، بارەگا و بنکەی و ئۆفیسی سەربەخۆیان ھەبوو، لەڕووی کولتوریی و ڕۆشنبیرییەوە چالاکبوون. لەو قۆناغەدا زۆرینەی نووسەرە دیارەکانی ناو کایەی ڕۆشنبیریی کوردیش چەپگەر و کۆمۆنیست بوون، بە دەگمەن نەبێت کەسێک نەبوو شتێکدژە بە مارکسیزم بنووسێت و بڵێت، تەنھا مەسعود محەمەد نەبێت. باڵادەستی فەرھەنگیی و ڕۆشنبیریی مارکسیزم لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا، باڵادەستییەکی ھەمەلایەن بوو.
لە ناوچەکەشدا ھێزە چەپەکان و ئەدەبیاتە جۆربەجۆرەکانیان، بە تایبەتی بە زمانی عەرەبیی، بە شێوەیەکی بەرفراوان ئامادەبوو. چەندان گۆڤار و کتێب و بڵاوکراوە لە لوبنانەوە دەھاتن کە نووسەرە چەپە عەرەبەکان تیایاندا دەنووسین، لەم ڕووەوە خانەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەک ”دار الطليعة “ ی لوبنانی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی فیکری چەپدا دەبینیی. ئەو ڕۆژگارە ڕۆژگاری ڕۆشنبیرانی وەک مەھدی عامل و سەمیر ئەمین و جۆرج تەرابیشیی و عەفیف ئەخزەر و غالی شوکری و ئەلیاس مەرقەس و زۆرانێکی تر بوو. زۆرینەی ئەو گەنجانەی لەو سەردەمەدا لە خەمی خوێندنەوە و فێربوون و خۆپەروەردەکردندا بوون، یان خوزیاری ئەوەبووبن لە ڕووی سیاسییەوە چالاکبن، دەکەوتنە ناو ئەو دونیا سیاسیی و ڕۆشنبیریی و فەرھەنگییەوە کە تیایدا ئەدەبیاتی مارکسیی ئەدەبیاتی باڵادەستبوو.
کە باس لە ئەدەبیاتی مارکسیی دەکەم ھێما بۆ بڕێکی زۆر لەو نووسین و دید و خواستانە دەکەم کە ھەموویان، ھەر یەکە و بەشێوەیەک، خۆیان دەبردەوە سەر فیکری مارکس، ئیتر لە لینینیزمەوە بیگرە بۆ ماویزم و لە ماویزمیشەوە بۆ کۆمۆنیزمی ئەوروپیی و کۆمۆنیزمی یۆگسلاڤیی و ئەلبانیی، تا بە کۆمۆنیزمی عەرەبیی و کۆمۆنیزمی سەر بە جیھانی سێ، دەگات. تەنانەت فیکری نووسەرە بەعسیی و ناسریی و ناسیۆنالیستەکانی وەک ئەلیاس فەرەح و عەزیز سەید جاسم و ھاوشێوەکانیان.
لە جۆرێک لە دڵداریکردندا بوون لەگەڵ فیکری چەپ و تەفسیرێک لە تەفسیرەکانی مارکسیزمدا. لانی کەم زمانی نووسین و شیکردنەوەکانیان پڕبوو لە دەستەواژە و چەمکی مارکسییانە.
ئەو پرسیارەی دەمەوێت لەم نووسینەدا وەڵامی بدەمەوە ئەوەیە ئایا چی وای لە مارکسیزم کردبوو ئەو ھێزی ڕاکێشان و گرنگیپێدان و سەرسوڕمانە گەورەیە لای کەسانی وەک ئێمە دروستبکات؟ چی وایکردبوو نەوەی من، نەوەی ھەفتاکان، لەو قۆناغە تایبەتەدا باوەش بە مارکسیزمدا بکات و لەدەوری کۆببێتەوە؟ بە بۆچونی من پێنج مەسەلە لە مارکسیزمدا زۆر سەرنج ڕاکێش بوون کە وایاندەکرد گەنجانێکی زۆر باوەڕی خۆیانی پێ ببەخشن و لەدەوری تێزەکانی کۆببنەوە:
یەکەم: مەسەلەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. مەسەلەی دادپەروەریی مەسەلەی ژمارە یەکی ناو مارکسیزمە. خەونی ھەرە گەورەی مارکس خەونی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرە کە مرۆڤەکانی بەبێ دوژمنایەتی چینایەتی و بەبێ ناکۆکی گەورە و بەبێئەوەی ناچاربن یەکتری بچەوسەنێننەوە، بژین. دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی ژێرخانی سەرجەمی دیدەکانی تری مارکس و مارکسیزمە کە لە یەکسانی ڕەھای مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا کۆتاییدێت.
دووھەم: ئەو بەگژاچوونەوە و ناڕەزاییدەربڕینە سەرنجڕاکێشەبوو کە مارکسیزم بەرامبەر بەو ھەموو ئازار و زەحمەتییی و بێبەشییەی لە ژیانی ھەژاران و چینەکانی خوارەوەد ئامادەیە، لەخۆی گرتبوو. مارکسیزم فیکری بەرگریکردن بوو لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، لەوانەی بەشێوەیەکی سیستماتیکیی و بە شێوەکەی بەردەوام دەچەوسێنرێنەوە. فیرکی بەگژاچوونەوەش جیاوازە لە فیرکێک خەریکی تەفسیرکردن و شیکردنەوەی جیھانبێت. ئەم ڕۆحی بەگژاچوونەوەیە ڕۆحێکی ھێجگار ڕاکێشەر و پاڵنەربوو بەرەو مارکسیزم.
سێھەم: بوونی ئومێد و باوەڕێکی گەورە بەوەی کە ئەو ئازار و پەژارە و چەوساندنەوانەی لە ئێستادا ئامادەن، قابیلی نەمان و سڕینەوەن، دەکرێت کۆتاییان پێبھێنرێت و لە شوێنی ئەواندا دونیایەکی تەواو تازە دروستبکرێت خاڵیی لە پەژارە و چەوساندنەوە. مارکسیزم ھەڵگری مژدەی دروستکردنی دونیایەکی ئەبەخشیی خاڵیی لە ململانێ و شەڕ و ڕقی مرۆڤ بەرامبەر بە مرۆڤ. پێشی لەسەر ئەوە دادەگێت کە ئەو ئازار و پەژارەیەی لە ئێستادا ھەیە و باڵادەستە، شتێکی بێمانا و کەمنرخ نییە، بەڵکو ئەو زەمینە مادییە مێژووییەیە کە لەناویدا قەبری ئەو دونیا باڵادەستە و ئەو ھێزە خراپەکارانە ھەڵدەکەندرێت کە ئەو دونیایەیان لەو شێوە نالەبارەدا دروستکردوە. بەم مانایە مارکسیزم ھەم مانایەکی بە ھەژاریی و پەژارە ئینسانییەکان دەبەخشیی، ھەم چەوساوەترین و ھەژارترین مرۆڤی وەک بکەرێکی مێژوویی گرنگ وێنادەکرد. لە ھەردوو دۆخەکەدا جۆرێک لە وزە و ئیرادەی ناوەکیی بە کەسەکان دەبەخشیی و ئەو ھەستەی تیادادەچاندن کە دەتوانن بکەری ژیان و مێژووی خۆیان و دونیایەکی باشتر دروستبکەن.
چوارەھەم: مارکسیزم کۆی ئەو مەسەلانەی سەرەوە، مەسەلەی دادپەروەریی و مەسەلەی بەگژاچوونەوە و مەسەلەی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و بێپەژارەی، لە فۆرمی ”مەعریفەی زانستیدا“ پێشکەشدەکرد. مارکس پێیوابوو ئەوەی ئەو باسیدەکات و دەینووسێت تەنھا ئومێد و خەونێکی یۆتۆپی یان ئایدیۆلۆژیی نییە، بەڵکو شیکردنەوە و تێگەیشتنێکی زانستیانەیە لە واقیعی کۆمەڵایەتیی و لە مێژووی مرۆڤایەتی. بە مانایەکی دیکە مارکسیزم سەرجەمی خەونە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی لە فۆرمی مەعریفەی زانستیدا پێشکەشدەکرد، بە تایەبتی مەعریفەیەکی فەلسەفیی و مەعریفەی ناو زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان. بە کورتییەکەی مارکسیزم پێشنیاری ئەوەیدەکرد ئەو ئایدیالە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابورییەی مارکس بەرگرییلێدەکرد دەکرێت ڕاستییی و روستیان لەڕێگای زانستەوە بسەلەمێندرێت و پاسادان بکرێت. ئەوەی مارکسیزم دەیڵێت نە ئایدیۆلۆژیایە نە یۆتۆپیا، بەڵکو زانستە لە سەرەکیترین پێناسیدا.
پێنجەم.: ئەو مەعریفەیەی کە مارکسیزم بەناوی زانستەوە پێشکەشیدەکرد، مەعریفەیەکی ڕەخنەیی بوو، ڕەخنە لە گشتێتی بوونی ئینسانیی. ڕەخنە لە کۆمەڵگا، ڕەخنە لە دین، ڕەخنە لە ئابوریی سیاسیی، ڕەخنە لە ئەدەبیات و فەرھەنگ، ڕەخنە لە ئەخلاقیاتی باڵادەست، ڕەخنە لە مەعریفەی باو. ئەم ڕەخنەگرتنە ھەمەلایەنە وایدەکرد مرۆڤ باوەڕی زیاتری بەو شیکردنەوە و لێکدانەوانە ھەبێت کە مارکسیزم پێشکەشیدەکرد و خودی ڕۆحە ڕەخنەیەکەش وزەیەکی گەورەی بە بوون و مانەوەی چالاکانەی تاکەکەس، دەبەخشی.
ھەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە وایاندەکرد مارکسیزم ھەڵگری جۆرێک لە ئەخلاقیات بێت کە نەکرێت بەھیچ شێوەیەک وەک ئەخلاقێکی ھەڵە و ناڕاست ببینرێت. ئاخر مرۆڤ کاتێک بەرگریی لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی کرد، کاتێک ڕەخنەی لە پەژارە و خەم و ناتەواوییەکانی ناو دونیا گرت، کاتێک خەونی بە دروستکردنی دونیایەکی نوێ و باشترەوە بینیی، کاتێک ئامادەی بەگژاچوونەوەی نایەکسانییەکانی تێدابوو، ناکرێت لە ڕووی ئەخلاقییەوە ھەڵە نەبێت.
ئەمڕۆ لە یادیی دووسەد ساڵەی لەدایکبوونی مارکسدا ھێشتا شتێک لەم ڕۆحە ڕەخنەییەی مارکس ماوەتەوە و شتێکی زۆریش لەو خەونە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەی بەرگریی لە دادپەروەریی و یەکسانیی دەکات، زیندوە. ھاوکات ئەو ڕۆحیەتی چالاکبوون و ئەکتیڤیزمەی مارکسیزم ھەڵگریەتی ڕۆحیەتێکی پێویستە لە دونیای ئەمڕۆدا. ئەو قەناعەتەش مارکسیزم بەتاکەکەسی دەبەخشێت کە خۆی وەک بوونەوەرێک وێنابکات دەتوانێت بکەری ژیانی خۆی و داھێنەر و دروستکەری مێژووی خۆی بێت، قەناعەتێکی ھێجگار گرنگە. ھەم مانایەک بە ژیانی کەسەکان دەبەخشێت و ھەم بەرەو گۆڕین و دەسکاریکردنی جیھان دەیانجوڵێنێت. شتێکیش لەو باوەڕ و گەشبینیە کە مارکسیزم ھەڵگریبوو بۆ زۆرێک لەو بزوتنەوانە پێویستە کە دەرگیری دونیای ئەمڕۆن و خواستی گۆڕانکاریان ھەیە. ھەموو ئەمانە وادەکەن بڕێک لە تارماییەکانی مارکس و مارکسیزم لە دونیای ئەمڕۆدا زیندووبن، بەڵام بینین و مامەڵەکردنی مارکسیزم وەک زانست، یان وەک شێوازێک لە مەعریفەی زانستیی، چیتر لێرە و لەگەڵمان نییە.
١١-٥-٢٠١٨ . ئەم نووسینە سێ ساڵ لەمەوبەر و بەبۆنەی یادی دووسەد ساڵەی لەدایکبوونی مارکسەوە نووسراوە.
وێنەکە وێنەی بارین ی کچم و منە لەگەڵ پەیکەرەکەی مارکس و ئەنگلسدا لە شاری بەرلین لە ھاوینی ساڵی ٢٠١٥ دا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button