وەزارەتی دارایی: وەرگرتنی باجی نەخۆشخانە ئەهلیەکان دەبێتە مانگانە

لڤین:

وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەرگرتنی باج لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان دەبێتە مانگانە بە شێوەیەک ١٥ ی هەموو مانگێک کارەکە تەواو بکرێ، هەرنەخۆشخانەیەک پابەند نەبێت مانگانە ( ١٠٪ )ی سزا دەچێتە سەر کۆی باجەکەی.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە ( ١٠ )ی تایبەت بە وەرگرتنی باج لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەرکرد کە تایبەتە بە وەرگرتنی باج لەبری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئەو نەخۆشخانانە.

لە بەشێکی ڕێنمایەکەدا هاتووە،” دەبێ نەخۆشخانە تایبەتەکان کار بەو پسوولەیە بکەن کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی دەرکراوە بۆ رێکخستنی کاروباری نەخۆشخانەکان.”

جەخت لەسەر ئەوە کراواتەوە ڕێژەی ( ٥٪ )دەبڕدرێت و دەخرێتە سەر ئەژمێری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان.

وەزارەتی دارای جەختی لەوە کردووەتەوە،” نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو باجە بخرێتە سەر هاووڵاتی، بە پێچەوانەوە لایەنی پەیوەندار و پزیشک تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.”

لە ڕێنمایەکەدا هاتووە،” دەبێ ئەو باجە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بخرێتە سەر ئەژمێری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان، بە شێوەیەک ( ١٥ )ـی هەموو مانگێک کارەکە تەواو بکرێ.”

ئەوەش هاتووە،”هەر نەخۆشخانەیەک پابەندی ئەو کاتە نەبێ کە بۆی دیاری کراوە، مانگانە ( ١٠٪ )ـی سزا دەچێتە سەر کۆی باجەکەی”.

لە ڕێنمایەکەدا وەزارەتی دارای هۆشداری دەداتە نەخۆشخانە ئەهلیەکان، هاتووە،” هەر خۆدزینەوەیەک له باج و سەرپێچی هەبێت، ئەوە بەپێی دوو یاسای تایبەت به باج لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت”.

سەبارەت بەو نەخۆشخانە حکومیانەی کە ڕێنمایەکە دەیانگرێتەوە، تێیدا هاتووە،” پابەند دەکرێن بە دانانی تۆماری تایبەت، هەروەها لایەنی پەیوەنداریش بۆی دەبێت زانیارییاکانی باجی تۆمارکراو وردبینی بکات”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button