ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کرانە ئامانج

لڤین:

میدیا عێراقیەکان، دوو کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە پارێزگاکانی بەغدا و بابل، کرانە ئامانج.

ئەمڕۆ ( یەک شەممە، ٨ی ئابی ٢٠٢١ )میدیاکانی عێراق لە سەرچاوەیەکی ئەمنییان گواستووەتەوە کە،” بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەربە ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بەغدا، تەقیوەتەوە”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەیشداوە،” ھەروەھا بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەربە ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەسەر رێگای خێرای نێودەوڵەتیی بابل تەقیوەتەوە”.

بەگوتەی سەرچاوەکە،” تەقینەوەکان ھیچ زیانێکیان لێ نەکەوتووە و تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان، رانەگەیاندووە”.

پێشتر کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق، کرابووە ئامانج.

ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران، بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.

لەئێستادا سێ ھەزار سەرباز لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بڵاوکراونەتەوە کە لەو ژمارەیە دوو ھەزار و ٥٠٠یان سەربازی ئەمریکان.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button