تەندروستی هەڵەبجە: دۆخی کۆرۆنا گەیشتوەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار

لڤین:

تەندروستی هەڵەبجە، بەداخەوە لەئێستادا نەخۆشخانەی وەفا توانای وەرگرتنی نەخۆشی ئەوتۆی نەماوە لەژووری چاودێری چڕ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی هەڵەبجە، ئەمڕۆ ( یەک شەممە، ٨ی ئابی ٢٠٢١ ) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕایگەیاند،” هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە، وەک لای هەمووان ڕوونە کە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتەواوەتی لەئاماری توشبوواندا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، بەشێوەیەک کە نزیک بووەتەوە لەوەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی دامەزراوە تەندروستیەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەربچێت.”

ئاماژە بەوەیش دراوە،” بەهاوشاریانی ئازیزانمان ڕادەگەیەنین کە لەکۆی (٢٠٠) دووسەد پشکنین، زیاتر لە (١٣٠) سەدوو سی پشکنین هەڵگری ڤایرۆسەکەن کە دەگاتە ٦٥٪ ڕێژەکە، لەکۆی پشکنینەکان.”

هەروەها هاتووە،” بەداخەوە لەئێستادا نەخۆشخانەی وەفا توانای وەرگرتنی نەخۆشی ئەوتۆی نەماوە لەژووری چاودێری چڕ، هەروەها چەندان نەخۆشی دیکە هەیە کە پێویستیان بەژووری چاودێری چڕ هەیە، بەڵام ناتوانرێت داخڵ بکرێت، لەهەمان کاتیشدا لەقاوشدا توانای ڕێژەیەکی ئێجگار کەمی ماوە بۆداخڵ کردنی نەخۆش.”

لە کۆتای ئاگادرایەکەی تەندروستی هەڵەبجەدا هاتووە،” هەربۆیە داوا لەهاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویست دەکەین، بۆئەوەی چیدی لەوە زیاتر فشارو پاڵەپەستۆی زیاتر بۆکارمەندان و دامەزراوە تەندروستیەکان دروست نەبێت، بەشێوەیەک بەدیار مەرگی ئازیزان و خۆشەویستانمانە دۆش دابمێنین، داواتان لێدەکەین مەودای کۆمەڵایەتی بپارێزن، دەمامک بەکاربهێنن، دووربکەونەوە لەشوێنی قەڕەباڵغ و ڕێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن وبەدەمەوە هاتنیان هەبێت بۆ وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا .”

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button