دوو پەند و دوو وانە

یەکەم : کەمەلا بەختیار بەتۆمەتی تێکدانی شۆڕشی نوێ و ئینشیقاقی هێزی پێشمەرگە و بنکۆڵکردنی رێکخستنەکانی کۆمەڵە زیندانی دەکرێت و بە کۆی دەنگی پلنیۆم بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، مامجەلال مەلەفی دادگاییکردنەکەی و خودی تۆمەتبارەکە و تەنانەت زیندانەکەیشی بۆ لای خۆی و نزیک ماڵ و بارەگاکەی لە یاخسەمەر ئەگوێزێتەوە، بریاری گولەبارانکردنەکەیشی ئەگۆڕێ، گەر بەڵێن شکاندن و هەوڵی راکردنەکەیشی نەبوایە گومانی تێدانەبو هەر زو ئازادیشی ئەکرد ..!
ئێستا کوڕانی مامجەلال تەواو پێچەوانەی رەفتاری باوک، رۆحی لێبوردەیی کاری سیاسی و حیزبیان نیە، تەنیا بڕیاری پێشوەختەی خۆیان جێبەجێ ئەکەن ..!
دووەم : سەرەتای ساڵی نەوەد و پێنج و کە مەکتەبی سیاسی بە کۆی دەنگ ئیمزایان لەسەر رۆیشتنی مامجەلال و داوای جێهێشتنی کوردستانیان لێکرد، ئەو نەڕەتی کردەوە و نەهێزی لە دژی ( م س ) کۆکردەوە، تەنیا کاردانەوەی وتبوی (هەتا هەموتان وەک ئەو ئیمزایانە بۆ رۆیشتن، ئیمزای گەڕانەوەم نەکەن ناگەڕێمەوە ) .
جانتاکەی پێچایەوە و رۆیشتە لەندەن، کاتێکیش لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا گەڕایەوە، خۆی وەک سکرتێر و بۆ یەکەمجار هاوسەفەرەکەی وەک جێگری سکتێر ناساند (ئەوکات پۆستی جێگری سکرتێری گشتی لە پەیڕەوی یەکێتیدا هیچ باسێکی نەبوو )، دوای هەندێ مشتومڕی ناوخۆیی قەبوڵکرایەوە و تا کۆتایی تەمەنی سیاسی خۆیشی لەکاردانەوەی ئەو ئیمزایانەدا، بیری لە سزادانی ئەوانە نەکردەوە کە قاویاندا، بەپێچەوانەوە متمانەیەکی لادروستکردن و فێریکردن کە سەرکردایەتیکردن ئەبێ بەو شێوەیە بێت!
ئێستا کوڕانی مامجەلال بێ لێکۆڵینەوە و گەڕانەوە بۆ دادگا، بێ رێکاری پەیڕەوی یەکێتی، بێ هیچ عورفێکی کاری رێکخراوەیی و بێ گوێدانە بەرژەوەندی خەڵک و یەکێتی … تەنیا بەگومان سزایان بۆ دەسەڵاتی یەکەم و هەندێ لە ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و دەیان کادر و دەیان نوێنەری یەکێتی لەحکومەت دەرکردوە یان ئامادە کردوە ..!
من نازانم لاهور چیکردوە، هەرچیەکی کردبێ ! جگە لە ( عومەری شێخ موس، فواد مەعسوم، جەمیل هەورامی، عەلی شامار و فەرید ئەسەسەرد ) لەدوای هەشتی تەموزەوە هیچ دەنگێکیتری مامجەلیانەم لەناو یەکێتیدا، نەبیستوە ! کەسێک نیە نکۆڵی لە مامجەلال ناسی ئەو زاتانە بکات، بەڵام پێدەچێت لەناو یەکێتی نوێدا، جگە لەو ناوانە یەکێتی کۆنی تیا نەمابێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button